ئێران: هێشتا زووە لەبارەی هەڵوێستەکانی ترەمپەوە بڕیار بدەین
ئەم هەڵوێستەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە حاڵێک دایە کە سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران ڕوو بە ترەمپ لەبارەی ئاکامی هەڵوێست و لێدوانەکانی لەبارەی موسڵمانان هۆشداری داوەتە ترەمپ.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران، بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوێنێ دووشەممە 2017 -1- 23 لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ئاڵوگۆڕی پەیام و پەیوەندیی پشتی پەردە لە نێوان ئێران و ئەمریکا ڕایگەیاندووە "هیچ پەیام و پەیوەندییەک لە نێوان دوو وڵاتدا ئاڵوگۆڕ نەکراوە و کۆماری ئیسلامیی ئێران بێجگەلە دانوستانی ئەتۆمی "هیچ پەیوەندییەک"ی لەگەڵ ئەمریکا نییە و ئاسۆیەکیش بۆ پەیوەندی نابینێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە "ترەمپ هێشتا لەبارەی "ترسان لە ئیسلام" پرسە جیهانییەکان، ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەورووپا و ئەمریکای لاتین "هەڵوێستێکی ورد و ڕوون"ی ڕانەگەیاندووە و دەبێ چاوەڕوان بین هەتا ببینین لە "چوارچێوەی ڕوانین"ی ئەو و سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەبارەی پرسەکانی جیهان ڕوون ببێتەوە.
قاسمی گوتیشی "هاوکات کۆماری ئیسلامی "هیوایەکی ئەوتۆی بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی" و گۆڕینی تێڕوانین لە دەسەڵاتی ئەمریکای نییە.
لە بەرانبەردا سادق لاریجانی، سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران دوێنێ دۆناڵد ترەمپی بەوە تۆمەتبار کردووە کە لێدوانەکانی "ڕەنگ و بۆنی ڕەگەزپەرستانە"یان پێوە دیارە و داوای کردووە کە سەرنجی جیدی بەم هەڵوێستانە بدرێت.
باسنيوز
