بەرپرسێکی باڵای ئەفغانستان: ئێران و تاڵیبان پێکەوە پەیوەندییان هەیە

 بەرپرسێکی باڵای ئەفغانستان: ئێران و تاڵیبان پێکەوە پەیوەندییان هەیە
قایمقامی هەرێمی (هیلمەند) لە ئەفغانستان بە میدیایەکی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاندووە کە میلیشیاکانی تاڵیبان چەکوچۆڵی ئێران بەکار دەهێنن و لەگەڵ ئێران پەیوەندییەکی چڕوپڕیان هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (ڕادیۆ فەردا) حەیاتوڵا حەیات، قایمقامی هەرێمی هیلمەندی ئەفغانستان بە بەشی رادیۆی ئەورووپای ئازادی ئەفغانستانی گوتووە "بەپێی هەندێ سەرچاوە و زانیاریی وردی هەواڵگری، دیدارێک لە نێوان بەرپرسانی ئێرانی بەرپرسانی باڵای تاڵیبان لە ناوچەی "گەرمەسێری"ی هیلمەند ڕووی داوە، بەڵام لێکۆڵینەوە لەبارەی بابەت و وردەکارییەکانی ئەو دیدارەی ئێران و تاڵیبان بەردەوامە."

لە دوو ناوچەی "گەرمەسیر و سەنگین" لە پارێزگای هیلمەند، لە مانگەکانی ڕابردوودا چەندان دەرگیریی توند و خوێناوی لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان و میلیشیاکانی تاڵیباندا ڕووی داوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە "لە تێکهەڵچوونەکانی ئەم دوایانەدا چەندان مووشەکی بەرهەمی ئێران دۆزراوەتەوە کە لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە هاوێژراون."

ساڵی ڕابردووش چەندین میدیای ئەفغانی و جیهانی بڵاویان کردەوە کە بەرپرسێکی باڵای تاڵیبان سەردانی تارانی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی و ئەمنیی ئێران کۆبووەتەوە.
















Top