سێیەم هێرشی چەکداری لە ئیستەنبوڵ دەکرێتە سەر بنکەیەکی پۆلیس

 سێیەم هێرشی چەکداری لە ئیستەنبوڵ دەکرێتە سەر بنکەیەکی پۆلیس
چەکدارێک سێیەم هێرشی چەکداری لە ئیستەنبوڵ لەماوەی شەو و رۆژێکدا ئەنجام دەدات و دەستگیر دەکرێت.

رۆژی شەممە 21/1/2017، چەکدارێک تەقەی لە بنکەی ئاسایشی ئەسەنیورت لە شاری ئیستەنبوڵ کردووە و دواتریش چەکەکەی فڕێ داوە و هەڵاتووە.

شەوی هەینی 20/1/2017، لە دوو هێرش و دوو شوێنی جیادا، بە مووشەکی جۆری لاو هێرشکرایە سەر بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبوڵ و بارەگای پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتداری تورکیا.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (رۆیتەرز)، هێرشەکەی ئەمڕۆ شەممە هاوشێوەی هێرشەکانی شەوی هەینی، هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و چەکدارەکەش دەستگیر کراوە.

گومان دەکرێ ئەبو محەمەد ئەلخوڕاسانی، هێرشبەری سەر یانە شەوانییەکەی ئیستەنبوڵ لەو بنکەیەی ئەمڕۆ هێرشی کرایە سەر، زیندانی کرابێت.

بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 1/1/2016 و لە میانی ئاهەنگەکانی سەری ساڵ، بە چەک هێرش کرایە سەر یانەیەکی شەوانە لە ئیستەنبوڵ، هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی 39 کەس، کە 18 کەسیان گەشتیاری بیانی بوون و 65ـی دیکەش بریندار بوون.

درەنگانی شەوی دووشەممە 17/1/2017، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا ئەبو محەمەد خوڕاسانی، هێرشبەری سەر یانە شەوانییەکەیان لە شوقەکەی خۆی لە گەڕەکی ئیسەنیورت لە ئیستەنبوڵ دەستگیر کرد.















باسنيوز
Top