سعوودیە: پاڵپشتی لە سیاسەتەکانی ترەمپ بەرانبەر بە ئێران دەکەین

سعوودیە: پاڵپشتی لە سیاسەتەکانی ترەمپ بەرانبەر بە ئێران دەکەین
عادل ئەلجوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعوودیە ئاشکرای کرد، ڕیاز پاڵپشتی لە سیاسەتەکانی حکوومەتی دۆناڵد ترەمپ لەدژی ئێران و داعش دەکات.



بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) عادل ئەلجوبەیر کەلە کۆنفراسنێکی ڕۆژنامەنووسیدا لە پاریس قسەی دەکرد، گوتی "ئێمە لە بەرانبەر سیاسەت و ڕێکارەکانی حکوومەتی داهاتووی ئەمریکا گەشبینین و چاوەڕوانین تاکوو لە هەموو بوار و لایەنە جیاجیاکانەوە کە نیگەرانەیی هاوبەشمان هەیە، پێکەوە هاوکاری بکەین."



وەزیری دەرەوەی سعوودیە ئاماژەی بەوەش کردووە "ئێمە پشتیوانی لە حکوومەتی ترەمپ دەکەین و بەتایبەتی بۆ نۆژەنکردنەوەی کاریگەریی ئەمریکا لە ناوچە و پێشگیری لە سیاسەتەکانی ئێران و شکستدانی گرووپی داعش."



بڕیارە ڕۆژی هەینی داهاتوو دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا، بە فەرمی سوێندی یاسایی دەخوات و وەک سەرکۆماری نوێی ئەمریکا دەستبەرکار دەبێت.



عادل ئەڵجوبەیر ڕاشیگەیاندووە "سعوودیە و ئەمریکا پێکەوە بەرژەوەندیی هاوبەشیان لە سووریا، عێراق، یەمەن و ئێران هەیە و هەر دوو وڵات لە بوارەکانی ئابووری، وزە و نەوتدا و سەربازیدا بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە."



وەزیری دەرەوەی سعوودیە گوتیشی "دەبێ ئێران لە ناوچەکە کۆتایی بە سیاسەتی پاوانخوازی و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان بێنێت، هەتا پەیوەندییەکانمان ئاسایی ببنەوە."



ماوەی چەند دوو ساڵە ئێران و سعوودیە لەبوارەکانی سیاسی، سەربازی و پرسەکانی حەجدا کێشە و ناکۆکییان هەیە و ئەم پرسە پاش هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانە و کونسووڵگەریی سعوودیە لە تاران و مەشهەد پەرەیان سەندووە و هەر ئەم ناکۆکییانە بووە هۆی ئەوەی ساڵی 2016 سعوودیە ئیزن نەدات حاجییانی ئێرانی سەردانی سعوودیە بکەن.









باسنیوز
Top