تاریق هاشمی: قاسم سولەیمانی پێی گوتم هاوشێوەی سوپای پاسداران لە عێراق دروست دەکەین
بەپێی ئەم هەواڵەی ئەلعەرەبیە جێگری پێشووی سەرکۆماری عێراق کە ئیستا لە تورکیایە، وتوویەتی: "لە سەردەمی سەرۆکایەتیی (ئەحمەدی نژاد)دا بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ کۆمەڵێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، سەردانی ئێرانمان کرد، کە لە یەکێک لە دانیشتنەکاندا لە نووسینگەی سەرکۆماری چاوم بە قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس، لقی دەرەکیی سوپای پاسداران کەوت.
بە گوتەی تاریق هاشمی "لەم دانیشتنەدا باسی دەستێوەردانە بێسنوورەکانی ئێران لە کاروباری وڵاتەکەمانم کرد و بە سولەیمانیم گوت: "کۆماری ئیسلامی لە ئێران و عێراقدا ئاژاوە دەنێتەوە و پشتیوانی لە ئەلقاعیدەش دەکات؛ لە وەڵامدا سولەیمانی حاشای لەم ڕاستییانە کرد، بۆیە بڕیارم دا کۆتایی بە دانیشتنەکەمان بێنم و بۆ عێراق بگەڕێمەوە".
لە درێژەدا دەڵێت: "پاش ڕاگەیاندنی هەڵوێستەکەم سولەیمانی پێی گوتم مەڕۆ وەڵامی هەموو پرسیارەکانت دەدەمەوە؛ منیش لێم پرسی ئێوە لەگەل ئەلقاعیدە پێوەندیتان هەیە؟ ئێوە پشتیوانی لە بەرەکانی دژبەری ئەمریکا دەکەن؟ ئێوە تاقمی چەکداری شیعە و سووننە هاوشێوەی سوپای پاسداران دروست دەکەن؟ کە لە وەڵامی هەموو پرسیارەکانمدا گوتی؛ بەڵێ ئێمە پێوەندیمان لەگەڵ ئەلقاعیدە هەیە و دژی ئەمریکاش پشتیوانی لە دژبەرانی دەکەین و بەتەمای سازکردنی گرووپی هاوشێوەی سوپای پاسدارانیشین".
"پاشان لێم پرسی ئەوەی کە ئێوە دەیکەن، دەبێتە هۆی کوژرانی خەڵکێکی زۆری شێعە و سوننە؟ کە پێی گوتم؛ "دۆخەکە هەر ئەوەیە کە دەیبینی!".
پرسی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچە، هەروەها پەیوەندییە ژێربەژێرەکانی ئێران لەگەڵ گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان و تاقمە توندڕەوەکانی جیهان پرسێکی نوێ نییە و ساڵانێکی دوور و درێژە کە هەم ناوەندە جیهانییەکان و هەم وڵاتانی ناوچە لەمبارەوە هۆشداری دەدەن.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، بەرپرسانی ئەمنیی پارێزگای (هەرات)ی ئەفغانستان ڕایانگەیاند: "سێ هاووڵاتیی ئێرانی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تیرۆر و هاوکاریی لەگەڵ دژبەرانی چەکداری ئەو وڵاته، دەستبەسەر کراون."
بەپێی زانیاریی میدیا جیهانییەکان "لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام ئێران لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە پشتیوانی لە تێرۆریزم مەحکووم کراوە و لەو پەیوەندییەدا چەند ڕۆژ پێش ئێستا وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە نوێترین لیستی خۆیدا کە دژی تێرۆریزم لە جیهاندا بڵاوی کردەوە، ناوی "بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە" و "فەرماندەی لقی سەربازیی حزبوڵڵای لوبنان"ی تێدا هێناوە کە ئەو دوو کەسە هەردووکیان پەیوەندیی نزیکیان لەگەڵ ئێران هەیە و یەکێک لەوانەش لە ئێران لەدایک بووە."
هەر لەم پەیوەندییەدا تد کرووز، سیناتۆری کۆماریخواز لە کۆنگرێسی ئەمریکا لە ماڵپەڕی سەرەکیی خۆی ڕایگەیاندووە "پڕۆژە یاسایەکیان لەگەڵ چەند سیناتۆرێکی دیکە ئامادە کردووە و تێیدا داوا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کراوە، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بخرێتە ناو لیستەی ڕەش و تیرۆرزمەوە و بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە کۆنگرێس بخرێتە دەنگدانەوە."
باسنيوز
