ئەمەریکا پێنج بەرپرسی باڵای رووسیای خسته لیستی گەمارۆکان
ئەمەریکا رایگەیاندووه، ئەم گەمارۆیانه پێچەوانەی گەمارۆیەکانی ئەم دواییانەی بەرپرسانی رووسیا، پەیوەندیی به چوونه ناو ئیمەیلەکانی پارتی دیموکراتەوه نییه، بەڵکو پەیوەندیی به یاسای "ماگنیتسکی"یەوه هەیه و لایەنی مافی مرۆڤ دەگرێتەوه.
ئەم یاسایه دوای مردنی "سێرگێئی ماگنیتسکی" پارێزەری ناوداری رووس له ساڵی٢٠٠٩ له زیندانی رووسیا، لەلایەن ئەمەریکاوه پەسەند کرا. ماگنیتسکی به تۆمەتی خۆشاردنەوه له باج له زیندان بوو، بەڵام نەیارانی حکومەتی رووسیا دەڵێن، زیندانی کردن و مردنی ئەو جێگەی گومان بوو، چونکه ئەو هەندێک له بەرپرسانی حکومیی رووسیای به خراپ بەکارهێنانی باج و هاوکاری کردن لەگەڵ رێکخراوەکانی ساختەکاری تۆمەتبار کردبوو.
ناکۆکییه دیپلۆماتییەکانی نێوان رووسیا و ئەمەریکا له رۆژەکای کۆتایی سەرۆکایەتیی "باراک ئۆباما" گەیشتۆته ئەوپەڕی خۆی. ئەمەریکا بەم دواییه ٣٥دیپلۆماتی رووسیا و بنەماڵەکانی بەهۆی دەستوەردان له هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەمەریکا، لەم وڵاته دەرکرد.
ئەمەریکا، رووسیا به هاک کردنی ئیمەیلەکانی کۆمیتەی نیشتمانیی دێموکراتەکان و یارمەتیدانی پرۆپاگەندەکانی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ تۆمەتبار کردبوو.
payamner-
