ئێران.. هاووڵاتییەکی پەیڕەوی ئایینی بەهایی سووتێنرا
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (بەهایینیوز) ئەو هاووڵاتییە کە پەیڕەوی ئایینی بەهایی بەناوی ئەحمەد فەناییان و خەڵکی دەوروبەری سمنان بووە، بە هۆیەکی نادیار کوژراوە و پاشان تەرمەکەشیان سووتاندووە و لەناو کێڵگە ئاأەڵدارییەکی فڕێ دراوە.
شایەتحاڵان بۆ بەهایینیوز باسیان لەوە کردووە "تەرمی ئەو کەسە بە چەشنێک سووتێنراوە کە ناسینی زۆر دژوار بووە و تەنیا پاش تاقیکردنەوەی (DNA) دەرکەوتووە ئەوە تەرمی ئەو کەسەیە.
ماوەیەک لەمەبەر هاووڵاتییەکی دیکەی بەهایی، بەناوی فەرهەنگ ئەمیری، بەهۆی مەزهەبی بەدەستی دوو کەس لە شاری یەزدی ئێران بە چاقۆ کوژرا و بکژەکان دانیان بەوەدا نابوو تەنیا بەهۆی جیاوازی مەزهەبییەوە کوشتوویانە و چونکە لە ڕوانگەی ئەوانەوە "بەهاییەکان کافرن و بە پشتبەستن بە ئایەیەکی قورئان کە خۆشیان نەیانزانیوە کام ئایەیە، ئەو کارەیان کردووە و مەبەستیان کوشتنی بەهاییەک بووە و بۆیان گرنگ نییە چ کەسێک بێت."
سیمین فەهەندژ، گوتەبێژی کۆمەڵەی بەهاییەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر لەو ڕێکخراوە گوتی "بارودۆخ و هەلاوادنی مەزهەبی و سیاسەتی سەرکوتی کەمینەی ئایینیی بەهایی لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا لە ئێران و بەتایبەت حکوومەتی کۆماری ئیسلامی زۆر خراپتر بووە و ئێستا دەیان چالاکوانی ئایینی بەهایی و مامۆستا و نووسەری سەر بەو کەمینە ئایینییە لە ئێران لە زیندان دان."
بە پێی ڕاپۆرتی کۆمیتەی نێودەوڵەتی بەهاییەکان لە ساڵی ١٩٧٩ەوە تا ١٩٩٢ زیاتر لە ١٨٧ هاوڵاتی بەهایی بێ هیچ تاوانێک لە ئێران لە سێدارە دراون.
خومەینی ڕابەری پێشووی ئێران، لە لێدوانێکدا لەگەڵ پرۆفیسۆر جەیمز کاکڕافت لە ئازاری ١٩٧٩دا جەخت لەسەر ئەمە دەکاتەوە کە بەهاییەکان گرووپێکی سیاسین و هیچ ئازادیەکی ئایینیان بۆ نییە.
بەهاییەکان ئایینێکی جیاوازن لە هەموو ئایینەکانی دیکە و هیچ ئایینێکی پێش خۆیان رەتنەکردووەتەوە، ئەوان ئایینێکی یەکتاپەرستن و پێغەمبەرەکەشیان نێوی "بەهائوڵڵا"یە.
ئەم ئایینە لە سەرەتای سەدەی 19 دەرکەوتووە و نزیکەی 7 ملیۆن شوێنکەوتووی هەیە. لە فیچەرەکەدا سەرمەند موقبیل کەی خوسرەو، لەسەر پەیڕەوی ئەو ئایینەیە دەڵێ "پەیوەندی ئاینەکەمان لەگەڵ کوردستان لەوکاتەوەیە، کە حەزرەتی بەهائوڵڵا هاتووەتە ئەشکەوت و شەش مانگ تێدا ماوەتەوە، زیاتر لەساڵ و نیوێکیش لە خزمەت قوتابخانەی نەقشبەندی و خالیدی و قادری ئەو کاتە لەسلێمانی بووەو لەیەک تێگەشتنی تەواو لەنێوان خەڵکی کوردستان و ئەودا هەبووە."
لە حاڵیکدا لە ئێران و لە هەندێ لە وڵاتانی ئیسلامیی ناوچە ڕێگە لە چالاکیی ئایینیی بەهاییەکان دەگیرێت و بە هەڵگەڕاوە لە دینیان لە قەڵەم دەدەن، کەچی ڵە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بە فەرمی و لە وەزارەتی ئەوقاف خاوەنی بەڕێوەبەرایەتین و ئازادانە ساڵانە چالاکییە ئایینییەکانی خۆیان بەڕیوە دەبەن.
باسنيوز
