ترەمپ سیناتۆرێکی بۆ پۆستی بەڕێوەبەری هەواڵگریی ئەمریکا دەستنیشان کرد

 ترەمپ سیناتۆرێکی بۆ پۆستی بەڕێوەبەری هەواڵگریی ئەمریکا دەستنیشان کرد
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، سیناتۆرێکی بۆ پۆستی بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی وڵاتەکەی دەستنیشان کرد کە سەردانیکردنی ڕووسیای لێ قەدەغە کراوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی کەناڵی (BBC)، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، بڕیاری داوە، سیناتۆر دان کۆتس (73 ساڵ) بۆ پۆستی بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی دەستنیشان بکات. لە کاتێکدا ئەو سیناتۆرە پێشتر لەلایەن حکوومەتی مۆسکۆوە گەشتکردنی بۆ ڕووسیا لێ قەدەغە کراوە.

میدیاکانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن کە هۆکاری دەستنیشانکردنی ئەو سیناتۆرەی کۆمارییەکان لەلایەن ترەمپەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا باس لەوە کراوە، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، بە ئاراستەی ئاگربەست و کۆتاییهێنانی ناکۆکییەکانی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا هەنگاو دەنێت.

کۆتس یەکێکە لەو 6 سیناتۆر و 3 بەرپرسی کۆشکی سپی کە لەلایەن مۆسکۆوە لە ساڵی 2014دا، گەشتکردنیان بۆ ڕووسیا لێ قەدەغە کراوە.

پۆستی بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی، لە دوای هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەری 2001ەوە، بووەتە پۆستێکی هەرە گرنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە ئەرکی دروستکردنی هەماهەنگییە لەنێوان ئاژانسە هەواڵگرییە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە کە ژمارەیان 17 دامەزراوەی هەواڵگرییە و لە نێویشیاندا ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی (CIA) و نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی (FBA) و دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی (NSA) هەن.













باسنيوز
Top