لە تاران رێژەی کچانی تووشبوو بە مادە هۆشبەرەکان ڕوو لە زیادبوونە
ماڵپەڕی (تەسنیم) لەم بارەوە بە پشتبەستن بە ئاماری وەزارەتی تەندرستیی و بە گوتەی "فاتیمە دانشوەر" سەرۆکی کۆمیتەی کۆمەڵایەتیی شارەوانیی تاران، بڵاوی کردووەتەوە "لە ماوەی نۆ مانگی ساڵی ڕابردووا تەنیا لە شاری تاران یەک هەزار و 26 کچ و ژنی تووشبوو بە مادە هۆشبەرەکان لەلایەن لیژنە و تیمەکانی شارەوانییەوە کۆ کراونەتەوە کە 544 کەسیان ژنانی بێ سەرپەرسشت، 482 کەسیان سواڵکەر بوون."
بەپێی هەمان سەرچاوە تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 1395ی هەتاوی (2016)دا نزیکەی 1600 ژن و کچی تووشبوو بە مادە هۆشبەرەکان دەستگیر کراون کە یەک هەزار و 38 کەسیان ژنانی بێ سەرپەرشت و 560 کەسیان ژنانی سواڵکەر بوون کە بەپێی ئەنجامەکان ڕێژەی تووشبوانی دەستگیر کراو 100% زیادی کردووە و ئەمەش جێگەی مەترسییە.
بە گوتەی "فاتیمە دانشوەر" سەرۆکی کۆمیتەی کۆمەڵایەتیی شارەوانیی تاران، "خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران بوونەتە مەترسییەکی گەورە خەریکن کۆمەڵگەی ئێران بەلاڕێدا دەبەن و بەتایبەت ژنان و کچانی تووشبوو بە مادەی هۆشبەر، ئایدز و سواڵکەرانی سەرشەقامەکان، بە هیچ شێوەیەک بنەبڕ نابن و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئاماریان ڕوو لە زیاد بوونن."
هەفتەی ڕابردوو تووشبوانی مادە هۆشبەرەکان و چەندین بنەماڵەی بێ خانە و لانە لە شاری (شەهریار)ی تاران لەبەر نەبوونی جێگە و ڕێگە و بێدەرەتانی بەکۆمەڵ لەناو گۆڕە ئامادەکان دەخەوتن و بڵاوبوونەوەی وێنەکانیان لە ئاستی ئێران و دونیادا دەنگدانەوەی هەبوو.
باسنيوز
