كچێك به خوشكهكهی دهلێت: دەچم بۆ ئەستنەبوڵ ئەوپەڕی بەهۆی تەقینەوەیەکەوە دەمرم
کچێکی لوبنانی لە هێرشەکەی سەر یانە شەوانەکەی ئەستەنبوڵ گیانی لەدەستدا، بەڵام بەرلەوەی بڕوات بۆ تورکیا بەخوشکەکەی وتبووە کە بۆ شەوی سەری ساڵ دەچێت بۆ ئەو شارە ئەوپەڕی بەهۆی تەقینەوەیەکەوە دەمرێت و دەچێت بۆ لای دایکی، پێشبینیەکەی راست دەرچوو.
ئەو کچە ناوی ریتا شامی-یەو خەڵکی لوبنانە، تەرمەکەی گەیشتەوە فڕۆکەخانەی لوبنان و کەسوکارەکەی بەخاکیان سپارد، بەرلەوەی بۆ کریسمس روو لە ئەستەنبوڵ بکات لەگەڵ خوشکەکەی باس لەو چوونەی دەکات کە خێزانەکەی رازی نین بەو گەشتە.
ریتا بە خوشکەکەی دەڵێت "ئینشائەڵڵا خۆشی دەبینین، ئەوپەڕی بەهۆی تەقینەوەیەکەوە دەمرم و دەچم بۆ لای دایکم (دایکی پێشتر گیانی لەدەستداوە)".
باوکی ئەو کچە لە باسی گەشتەکەی ریتا بۆ کەناڵی ئێم تی ڤی بەم شێوەیە دەدوێت "زۆر هەوڵم دا کچەکەم نەچێت بۆ ئەو گەشتە، بەڵام سوودی نەبوو، چونکە پێداگریی دەکرد لەوەی لەگەڵ هاوڕێکانیدا بڕوات".
ریتا بەرلەوەی گەشتەکەی بکات بۆ ئەستەنبوڵ و روو لەو یانە شەوانەیە بکات بۆ بەسەربردنی کاتەکانی چەند پۆستێکی لە فەیسبوکەکەی بڵاوکردبووە کە بریتیبوون لە چەند دێڕە هۆنراوەیەک کە باس لە مردن و جەژنەکانی نێو ئاسمان دەکات، وەک بڵێیت دەیزانی کە شتێکی لەو جۆرە روودەدات.
جگە لە ریتا دوو هاوڵاتی تری لوبنانی لەو 39 کەسەن کە بەهۆی هێرشە خوێناوییەکەی یانەی رینا گیانیان لەدەستداوە بەناوەکانی (ئیلیاس وردینی، هەیکەل موسلیم)، چوار کەسی تریش برینداربوون.
یانەی رەینا، یەکێکە لە بەناوبانگترین یانە شەوانەکانی ئیستەنبوڵ لای گەشتیارانی بیانی و هاوڵاتیانی ناوخۆی ئەو وڵاتە. دەکەوێتە نزیک گەرووی بۆسفۆرەوە کە جیاکەرەوەی نێوان هەردوو بەشی ئەوروپا و ئاسیای وڵاتەکە ئەژماردەکرێت.
payamner-
