وڵاتانی جیهان بە رێککەوتن بۆ ئاگربەستی سووریا خۆشحاڵن
واژوو کردنی رێککەوتننامەی ئاگربەست لە نێوان حکومەتی سووریا و ئۆپۆزسیۆنی چەکداری ئەم وڵاتە، بەرەوڕووی خۆشحاڵیی وڵاتان و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بووەتەوە و ئەمریکاش بە گۆڕانکارییەکی ئەرینی دەزانێت.
ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا بڵاویکردەوە: گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مارک تونەر، رۆژی پێنجشەممە، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: هەواڵی واژووکردنی رێککەوتننامەی ئاگربەستی سووریا گۆڕانکارییەکی ئەرێنییە. هەر چەشنە هەوڵدانێک بە مەبەستی راگرتنی توندی و تیژییەکان و رزگارکردنی گیانی دانیشتووان و بەدیهێنانی هەلومەرجی دەستپێکردنەوەی دانووستانەکان لە لایەن ئەمریکاوە پێشوازیی لێدەکرێت.
هەر لەم بەیاننامەیەدا، بە ئاماژەکردن بە بانگهێشتی نوێنەری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری سووریادا، ستێڤان دی میستۆرا، بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی دانووستانەکان، پشتگیریی ئەمریکا لەم بانگێشتە راگەیاندووە.
نووسینگەی دیمیستۆرا لە جنێڤ، دوای راگەیاندنی رێککەوتننامەی ئاگربەست لە سووریا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و هیوای خواستووە ئەم رێککەوتننامەیە ببێتە هۆی رزگارکردنی گیانی خەڵکی سڤیل و رێگە بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان خۆش بکات.
لە بەیاننامەکەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە: ئەم رێککەوتننامەیە دەبێ یارمەتیدەری ئەو دانووستانانە بێت کە بڕیارە ٨ فەبیریوەری لە جنێڤ بەڕێوە بچن.
رێککەوتننامەی ئاگربەستی سووریا و ئۆپۆزسیۆنی چەکدری ئەم وڵاتە بە نێوبژیوانیی مۆسکۆ و ئەنکەرە بەدیهاتووە بڕیارە لە نێوەشەوی ئەمشەو، شەوی پێنجشەممە لە سەر هەینی جێبەجێ بکرێت.
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا خۆشحاڵیی بۆ رێککەوتننامەی ئاگربەستەکە دەربڕیوە و هاوکات گوتوویەتی: پێویستە بەرەنگاربوونەوەی بەرەی نووسرە و داعش بەردەوام بێت.
تورکیاش وێڕای پێشوازیکردن لەم ئاگربەستە، رایگەیاندووە: ئەم رێککەوتنە ئەو گروپانە ناگرێتەوە کە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تیرۆریستیان دەزانێت. تورکیا پارتی دیموکراتیکی گەلانیش بە تیرۆریست ناو دەبات و دەڵێت سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانە.
وەزارەتی دەرەوەی مسریش رایگەیاندووە: ئەم رێککەوتنە زۆر گرنگە کە هێزەکانی سووریا بە تێگەیشتنێکی هاوبەش لەبارەی چارەسەریی قەیرانی ئەم وڵاتە بگەن و دانوستانە جددییەکان جارێکی دیکە دەست پێبکەنەوە.
payamner -
