یارمەتیی دارایی ئاڵمانیا بۆ ئەو پەنابەرانەی به ویستی خۆیان دەگەڕێنەوه

یارمەتیی دارایی ئاڵمانیا بۆ ئەو پەنابەرانەی به ویستی خۆیان دەگەڕێنەوه



رۆژنامەی "زود دۆیچه تسایتونگ" له "بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندییی پەنابەری و کۆچ"ی ئاڵمانیای گواستۆتەوه و دەنووسێت، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی گەڕاونەتەوه وڵاتەکەی خۆیان له ساڵی٢٠١٦ زیادتر بووه و گەیشتۆته نزیکەی ٥٥هەزار کەس. ئەم ژمارەیه له ساڵی٢٠١٥ کەمتر له ٣٥هەزار بوو. ژمارەیە ئەو پەنابەرانەش که ئەمساڵ دەرکراون، ٢٥هەزار کەس بوون.



زۆربەی ئەو پەنابەرانەی گەڕاونەتەوه، خەڵکی سێربیا، عێراق و کۆزۆڤۆ بوونه. تەنیا له مانگی نۆڤەمبەر نزیەکەی ١٥هەزار پەنابەر له ئاڵمانیاوه گەڕاونەتەوه وڵاتی ئاڵبانی. له ساڵی ٢٠١٦ ژمارەی ئەو پەنابەرانەی گەڕاونەتەوه ئەفغانستان، ئێران و عێراقیش زیادی کردووه. له مانگی نۆڤەبەری ئەمساڵ زیادتر له ٣٢٠٠ئەفغانی گەڕاونەتەوه وڵاتەکەیان. ئەم ژمارەیه، ١٠هێندەی ساڵی٢٠١٥یه.



یەکێک له هۆکارەکانی گەڕانەوەی پەنابەران بۆ وڵاتەکەیان، ئەو هاندانه داراییەیه که حکومەتی ئاڵمانیا دەیتدات بەو پەنابەرانەی به ویستی خۆیان دەگەڕێنەوه. دوو رێکخراوی ئاڵمانیا پاره دەدات بەو پەنابەرانەی به ویستی خۆیان و پێش رەت کردنەوەی داواکاریی پەنابەرییان، دەگەڕێنەوه.



ئەم یارمەتییه داراییه بریتییه له پارەی تیکێت، خەرجیی سەفەر و بڕێک پاره که پەنابەر بتوانێت له وڵاتەکەی خۆی له بوارێکدا وەبەرهێنانی پێبکات و کارێک بۆ خۆی دابین بکات. ئەو یارمەتییەش نیوەی له ئاڵمانیا و نیوەی دیکەشی دەوای گەڕانەوەی پەنابەر بۆ وڵاتەکەی پێی‌دەدرێت.



دوو دامەزراوەی "Grap" و "Reag" ئەم پارەیه به پەنابەران دەدەن که بودجەکەی لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوه تەرخان دەکرێت.
payamner-
Top