ئێران.. ڕۆژانە چوار کرێکار گیان لەدەست دەدەن
ماڵپەڕە فەرمییەکانی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویان کردەوە، که لە هەر ڕۆژێکدا لە ئێران، بەهۆی نەبوونی ئەمنییەت لە کاتی کارکردندا و لەبەرچاونەگرتنی ستانداردەکانی کار، 4 کرێکار گیانیان لەدەست دەدەن.
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی وەزارەتی کار و و کاروباری کۆمەڵایەتیی ئێران، لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە، لە ئێراندا ڕۆژانە لانیکەم 4 کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی کار گیانیان لەدەست دەدەن.
هەروەها بە گوتەی بەڕێوەبەری ژووری کرێکارانی ئێران لە کۆبوونەوەی ئیمەنی، تەندروستی و ژینگەپارێزی، مانگانە 20 تا 24 کرێکاری بیناسازییەکان بەهۆی نەخۆشی گیانیان لەدەست دەدەن، هەروەها تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە یەک هەزار و 400 کەس لە کرێکارانی بیناسازی گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی ئامارەکانی ئێران لە ماوەی پێنج ساڵدا نزیکەی 10 هەزار کرێکاری بیناسازی بەهۆی ڕووداوەکانی کار گیانیان لە دەست داوە.
لە ئێراندا بە هۆی نەبوونی یاسای کار و داکۆکی لە مافی کرێکار، ئەگەر بۆ هەر یەکەیەکی بەرهەمهێنەر و دامەزراوەیی ستانداردەکانی کار و تەندروستی و ئیمەنی کار دابین بکرێت، شەش ساڵی پێویستە کە ئێستا بەهۆی قەیرانی ئابووری ئەو ڵاتە و نەبوونی بەڕێوەبەری و بەرنامەی کار، جێبەجێ نابێت و گیان لەدەستدانی کرێکاران بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی کار بە "قەتڵی ئەنقەست" (قتل شبە عمد) ئەژمار دەکرێت.
چالاکانی کرێکاریی ئێران بەردەوام لە دۆخی نالەباری ئیمەنی کار لەو وڵاتەدا ڕەخنەیان گرتووە و ئەو ڕەخنانە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بەرز بووەتەوە.
"مەرگی بێدەنگی کرێکاران" (مرگ خاموش کارگران) چەمکێکە کە لە نێوان چالاکانی مافی کرێکاری ئێران سەبارەت بە مردنی سەدان کرێکار لە ساڵدا بەهۆی ڕووداوەکانی کاتی کارکردن، کەڵکی لێوەر دەگیرێت.
باسنيوز
