لە حەلەب گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە

 لە حەلەب گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە
ڕووداو و کارەساتە مرۆییەکان لە سووریا بەردەوامن و لە دوایین حاڵەتدا گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە شاری حەلەبی ئەو وڵاتە دۆزراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە حەلەب دۆزراوەتەوە کە دەیان کوژراوی تێدا شاردراوەتەوە و لەسەر جەستەی ئەو کوژراوانەش ئاسەواری ئەشکەنجەی قورس دیارە، هەروەها بەشێک لەو کوژراوانە ئەندامانی لەشیان پارچە پارچە کراوە و تەرمەکانیان شێوێندراوە.

شاری حەلەب لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕووسیا و سوپای سووریا و سوپای پاسدارانی ئێران کەوتە دەستی هێزەکانی بەشار ئەسەد، بەڵام تا ئێستاش شەڕ لەو شارە بەردەوامە و بە چڕی ئەو شاره بۆردومان دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافی مرۆڤی سووریا، دوای کەوتنی شاری حەلەب، هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و سوپای سووریا لەو شارە دەستیان بە کوشتنی خەڵکی سڤیل کرد و ئەوەش ناڕەزایەتیی کۆمەڵگەی جیهانیی لێ کەوتەوە.

شەڕی ناوخۆیی سووریا تا چەند مانگی دیکە پێ دەنێتە 6ـەمین ساڵی خۆی و تا ئێستا ئەم شەڕە بەردەوامە و نزیکەی 10 میلیۆن هاووڵاتیی سووری لە ئەنجامی ئەو شەڕە ئاوارە بوونە.

بەپێی ئامارەکان؛ تا ئیستا زیاتر لە 500 هەزار کەسیش لەو وڵاتە کوژراون.

وڵاتانی ڕۆژئاوایی چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەیان لەسەر شەڕی سووریا گرتووە، بەڵام بە ئاکام نەگەیشتووە، هەروەها ڕووسیاش چەند بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی لەو پەیوەندییەدا ڤیتۆ کردووە.

له‌ سه‌ره‌تای ده‌سپێكی سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی سووریا‏وە‌، پاسدار و بەسیجییەکانی ئێران لەژێر ناوی پاریزەرانی حەرەم و شوێنە ئایینییەکان و ڕاوێژکاری سەربازی به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا شانبه‌شانی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی ڕێژیمی به‌شار ئه‌سه‌د، دژ به‌ به‌رهه‌ڵستكارانی ڕێژیمی به‌عسی سووریا‌، شه‌ڕیان كردووه‌.

بەپێی زانیاریی میدیاکانی کۆماری ئیسلامی هەتا ئیستا زیاتر لە سێ هەزار چەکداری کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت چەکداری سوپای پاسداران لە شەڕی ناوخۆیی سووریا کوژراون، کە نزیکەی 50 کەسیان فەرماندەی باڵا بوون.














باسنيوز
Top