پوتین و ئەردۆغان تاوتوێی پرسی سوریا دەکەن
بەپێی راگەیەندراوێکی کۆشکی کریملن، هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا و ڤلادمیر پوتینی سەرۆکی روسیا لەرێگەی هێڵی تەلەفۆنەوە تاووتوێی دۆخی ئێشتای سوریا و قەیرانەکانی ئەو وڵاتەیان کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە ئەردۆغان بۆ گەیاندنی سەرەخۆشی لە بارەی کەوتنەخوارەی فڕۆکە روسییەکەی نزیک شاری سۆچی سەر دەریای رەش پەیوەندیی بە پوتینەوە کردووە.
هاوکات، نورسوڵتان نازاربایڤی سەرۆکی کازاخستان، کە لە ئێستادا سەردانی روسیا دەکات بەشداریی لە پەیوەندییەکەدا کردووە.
لە دوای هەوڵی کودەتا سەربازییەکەی تورکیا و رادەستنەکردنی فەتحوڵا گیولەن، سەرۆکی بزاڤی خزمەت لەلایەن ئەمریکاوە –کە ئەنقەرە بە پلانداڕێژەری سەرەکیی کودەتاکە دەیناسێنێت– پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا بەرەو کاڵبوونەوە رۆیشت، دواتر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و ئەنقەرە، ئەم دوو وڵاتەی زیاتر لەیەکتر نزیککردەوە.
لەئێستادا روسیا، ئێران و تورکیا سەرقاڵی یەکخستنی هەڵوێست و مامەڵەکانیان لەبارەی سوریاوە.
xendan -
