نهێنییه‌كانی ژیانی بكوژی باڵیۆزی روسیا له‌زاری خوشكه‌كه‌یه‌وه
مه‌ولود مه‌رت ئاڵتنتاش-ی ته‌مه‌ن 22 ساڵ، 19 ی ئه‌م مانگه ئاندرێ كارلوڤ باڵیۆزی روسیای له توركیا کوشت له‌كاتێكدا سه‌رقاڵی پێشكه‌شكردنی وته‌یه‌ك بوو له پێشانگایه‌كی هونه‌ریدا له‌ئه‌نقه‌ره.
سه‌حه‌ر ئالتنتاش خوشكی مه‌ولود مه‌رت ئاڵتنتاش هێشتا ته‌مه‌نی بچووك بووه كه‌باوكی مردووه و كاتێك دایكی شویكردووه‌ته‌وه سه‌حه‌ر هێشتا ته‌مه‌نی چوار ساڵ بووه، بۆیه له‌لایه‌ن دایكی دایكیه‌وه (نه‌نكی) به‌خێوكراون و گه‌وره‌كراون.
سه‌حه‌ر له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ل رۆژنامه‌ی حورییه‌تی توركی، ده‌ڵێت "براكه‌م (مه‌ولود) له‌گه‌ڵ خه‌لكی گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان پێكه‌وه له هاوینان ده‌چوونه مزگه‌وت و منیش فێری قورئان بووم، به‌ڵام ده‌وامم نه‌ده‌كرد و براكه‌شم (مه‌ولود) قورئانی ده‌خوێندو و ده‌چووه نوێژی ته‌راویح و نوێژی هه‌ینی، به‌ڵام دوای چوونی بۆ قوتابخانه‌ی پۆلیس پێنج فه‌رزه نوێژی ده‌كرد".
به‌وته‌ی سه‌حه‌ر، مه‌ولود له ته‌مه‌نی بچووكیدا زیره‌ك و چالاك بووه و خویندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و ئاماده‌یی به سه‌ركه‌وتوویی ته‌واو كردووه و هیچ خه‌یاڵێكی نه‌بووه كه ببێته پۆلیس.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت دواتر به‌بڕیاری خێزانه‌كه‌یان براكه‌ی چووه‌ته قوتابخانه‌ی پۆلیس له‌به‌رئه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی ده‌وڵه‌ت بووه‌و و خه‌رجی زوری نه‌ویستووه و كاره‌كه‌ی گه‌ره‌نتییه، "به‌و هۆیه پۆلیسمان هه‌لبژارد و نه‌چووه قوتابخانه‌ی كورفه‌ز (كه باسده‌كرێت سه‌ر به جه‌ماعه‌تی گوله‌نه) و هیچكام له‌سه‌رمایه‌داره‌كانیش هاوكاریمانی نه‌كردووه كه وه‌كو باسده‌كرێت".
سه‌حه‌ر كه خۆی له قوتابخانه‌ی كورفه‌ز خوێندویه‌تی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، كه دایك خه‌رجی خوێندنی براكه‌ی ئاماده‌كردووه‌و له‌قوتابخانه‌كه‌ی ئه‌وانیش پێشتر كه‌س باسی (جه‌ماعه‌تی گوله‌ن) ی نه‌كردووه.
"براكه‌م تا پێش ئه‌وه‌ی بچێته قوتابخانه‌ی پۆلیس ده‌چوو بو مه‌له‌وانی له ناو ده‌ریا و ده‌زانم كه شه‌رابیشی ده‌خوارده‌وه و هیچ فشارێكمان نه‌خستووه سه‌ر كه ده‌بێت ئیللا قورئان بخوێنێ یان نوێژبكات ئێمه خێزانێكی به‌و شێوه‌یه نین"، سه‌حه‌ر وایوت.
دوایین جار كه سه‌حه‌ر مه‌ولودی برای بینیوه له‌مانگی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا بوه‌و ده‌ڵێت براكه‌ی جلوبه‌رگی كۆنی له‌به‌ردا بووه‌و پێڵاوی كۆنیشی له‌پێی كردووه‌و ته‌له‌فۆنێكی كۆنیشی به‌ده‌سته‌وه بووه "پێم وت بڕۆ سه‌یران بكه، وه‌ره بچینه سوپه‌رماركێت و جلوبه‌رگت بۆ بكڕم و ئه‌ویش وتی خوشكه نامه‌وێت".
هه‌روه‌ها ده‌گێڕێته‌وه كه مه‌ولود زۆرجار به‌دایكی ده‌وت كه كچێكی بۆ بهێنن و ده‌یه‌وێت هاوسه‌رگیری بكات "منیش ته‌حه‌مولم نه‌ده‌كرد و پێم وت چیتر به‌سه هێشتا تۆ گه‌نجی بگه‌ڕێ و بۆخۆت بیهێنه". سه‌حه‌ر ده‌ڵیت نازانێت بۆ ئه‌وه‌نده سووربووه له سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه.
به‌وته‌ی سه‌حه‌ر له شه‌وی كوده‌تاكه‌ی 15 ته‌مموز مه‌ولود له‌شاری ئامه‌د بووه‌و په‌یوه‌ندی به دایكیه‌وه كردووه كه گه‌ردنی ئازادبكات، چونكه دۆخه‌كه زۆر شڵه‌ژاوه.
سه‌حه‌ر و دایكی شه‌وی روداوی كوشتنی باڵیۆزی روسیا له‌ئه‌نقه‌ره له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵی خۆیان و له‌شوێنێك سه‌رقاڵی قاوه خواردنه‌وه بوون، كاتێك مه‌ولود پێش رووداوه‌كه ته‌له‌فۆن بۆ دایكی ده‌كات و داوای گه‌ردن ئازادی لێده‌كات.
سه‌حه‌ر وتی كه له‌به‌رقه‌ره‌باڵغی شوێنه‌كه دایكی به مه‌لودی وتووه ناتوانێت باش قسه‌بكات و كه چووه ماڵه‌وه په‌یوه‌ندی پێوه ده‌كاته‌وه، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر به‌دایكی وتووه "ئه‌مانه‌تی خودابه‌و گه‌ردنم ئازاد بكه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت كه مه‌ولود هه‌ر ئه‌و شه‌وه ته‌له‌فۆنی بۆ باوكیشی كردووه‌و پێی وتووه كه له پشوودایه.
سه‌حه‌رو دایكی دوای په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی مه‌ولود ده‌گه‌ڕێنه‌وه ماڵ، پاش خواردنی نان و دواتر خواردنه‌وه‌ی چا سه‌حه‌ر وه‌ك خۆی ده‌یگێڕێته‌وه په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له هاوڕێیه‌كیه‌وه پێگه‌یشتووه‌و پێی وتووه "سه‌حه‌ر باڵیۆزی روسیا كوژراوه‌و مه‌ولودی برات له ئه‌نقه‌ره‌یه ئاگاتان لێیه؟"، سه‌حه‌ریش پێی ده‌ڵێت "ئه‌و رووداوه چ په‌یوه‌ندی به براكه‌یه‌وه هه‌یه؟"، له‌و كاته‌دا ته‌له‌فونه‌كه‌ی داده‌خات.
دواتر دایكی هاوڕێیه‌كی براكه‌ی ته‌له‌فۆن بۆ سه‌حه‌ر ده‌كات و پرسیاری "ئاگاتان له مه‌رت هه‌یه؟" یان لێده‌كات.
سه‌حه‌ر ده‌ڵێت دواتر باوكی ته‌له‌فزیۆنی هه‌ڵكردوه‌و پاشان زانیویانه كه مه‌ولودی برای بكوژی باڵیۆزه‌كه، هه‌ر خێرا پۆلیس هه‌ڵده‌كه‌وتنه سه‌ر ماڵی سه‌حه‌رو لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن "چیمان زانی به پۆلیسه‌كانمان وت".
xendan -
