دامەزرێنەرێكی ئاكەپە: ئەوەی رەخنە لەئەردۆغان بگرێت ژیانی لەمەترسیدایە
عەبدوللەتیف شەنەر جێگری پێشوی سەرۆك وەزیرانی توركیا لەسەردەمی ئاكەپەو یەكێك لە دامەزرێنەرانی ئەو پارتە، لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی بیرگونی توركی، باسلەوەدەكات بۆئەوەی ترس لەناو كۆمەڵگادا قوڵتر نەكات زۆر شت ناڵێت، "بەڵام لەژینگەیەكدا دەنگی بیروڕای ئۆپۆزسیۆن نەبێت ئەو وڵاتە بەرەو كارەسات دەڕوات".
عەبدوللەتیف شەنەر كە لەنێوان ساڵی 2002 -2007 جێگری عەبدوڵا گولو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی توركیا بووە، ئەوەدەخاتەڕوو كە پڕۆگرامی ئاكەپە بەدەستی ئەو نوسراوە، دەڵێت"ئەو پەرلەمانتارانەی كە دەنگ بە گۆڕانكاری دەستوری بدەن نە رێز لەتوركیاو نە رێز لەخۆیان دەگرن، چونكە بەپێی دەستوری نوێ هیچ واتایەكی ئۆرگانی یاساییو پارتە سیاسیەكانو پەرلەمان نامێنێت".
لەبارەی دەستگیركردنی پەرلەمانتارانی هەدەپەو هاوسەرۆكی شارەوانیەكانی دەبەپە، شەنەر دەڵێت"زۆر هەڵە دەكرێت، ئەوان دەیانەوێت دەنگدەرانی ئاكەپە زیاد بكەنو زیانی گەورە دەگەیەنن بە توركیا، ئەمڕۆ لەتوركیا لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە بڕیار دەدرێت كە كێ خائینەو ئەوكەسانەشی رەخنە لە ئەردۆغان بگرن ئەمنییەتی ژیانیان نییە".
توركیا ماوەیەكە هەڵمەتێكی بەرفراوانی دەستگیركردن و دورخستنەوەی سەرۆك شارەوانییەكانی سەر بە بەدەپەو هاوسەرۆكو پەرلەمانتارانی هەدەپەی دەستپێكردووە، كە ناڕەزایی زۆری لەسەر ئاستی ناوخۆی توركیاو وڵاتانی دەرەوە لێكەوتووەتەوە.
عەبدوللەتیف شەنەر لەبارەی پەیوەندی نێوان ئاكەپەو فەتحوڵا گولەن، دەڵێت"هەموو ئاكەپەییەكان پەیوەندیان بە جەماعەتی گولەنەوە هەبوو، ئەگەر یەكێك هەبێت پەیوەندی نەبوبێت ئەوە منم، بەڵام ئێستا هەموو كێشەكان بە (جەماعەتی گولەنەوە) دەبەستنەوەو هەركەسێك رەخنەیان لێبگرێت راستەوخۆ بە تۆمەتی گولەن دەستبەسەردەكرێت".
شەنەر دەشڵێت"ئێستا لەتوركیا كێ خائینەو كێ خزمەتی وڵات دەكات لەلایەن یەك كەسەوە بڕیاری لەسەر دەدرێتو بە ناوی هەموو وڵات یەك كەس بیردەكاتەوەو قسە دەكات، ئەو كەسانەی وەكو ئەو بیرناكەنو قسە ناكەن دەچنە خانەی خیانەت، ئەمە هەڵپەساردنی دیموكراسییە".
xendan -
