تونسییەکان دژی گەڕانەوەی جیهادییەکان خۆپێشاندانێکیان رێکخست
سەدانی هاوڵاتیی تونس، دژی گەڕانەوەی ئیسلامییە توندڕەوەکان بۆ ئەم وڵاته، له بەردەم پەرلەمانی تونس خۆپێشاندانێکیان ئەنجام دا.
ئەم ناڕەزاییه دوای وتەکانی سەرۆک کۆماری تونس هات. "باجی قائید سبسی" سەرەتای ئەم مانگه گوتبووی، حکومەتی تونس ناتوانێت رێگه له گەڕانەوەی جیهادییەکان بگرێت.
بەپێی ئاماری نەتەوه یەکگرتووەکان، زیادتر له ٥هەزار تونسی له رێکخراوه جیهادییەکانی دەرەوەی ئەم وڵات، له پلەی یەکەمیشدا لەناو داعشدان و له عێراق و سووریا و لیبیا بۆ ئەم رێکخراوه تیرۆریستییه دەجەنگن.
باجی قائید سبسی گوتبووی، زۆریەک لەم جیهادییانه ئامادەی گەڕانەوەن. زیندانەکانی ئەم وڵاتەش شوێنی پێویستیان نییه، بەڵام لەژێر چاودێری دەبن.
ئەم قسانه دوای ئەوه دێت که ئاشکرابوو، ئەنجامدەری کردەوه تیرۆریستییەکەی بازاڕی کریسمەسی "بەرلین"ی پایتەختی ئاڵمانیا، کەسێکی تونسی بەناوی "ئەنیس عامری" بووه که له ئیتالیا کوژرا.
payamner-
