بزووتنەوەیەکی چەکداریی سووری بەرپرسیارێتیی خۆی لە کوشتنی باڵیۆزی رووسیا رادەگەیەنێت
بزووتنەوەیەکی چەکداریی سووری بەرپرسیارێتیی خۆی لە کوشتنی باڵیۆزی رووسیا لە تورکیا رادەگەیەنێت.
شەوی دووشەممە 19ـی کانوونی یەکەمی 2016، چەکدارێک، کە دەگوترێ پۆلیسی تورکیا بووە، لە کاتی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، بە دەمانچە تەقەی لە ئاندری کارۆلۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە ئەنقەرە کرد و بەهۆیەوە ئاندری گیانی لەدەست دا.
لە بەیاننامەیەکدا، ”بزووتنەوەی میللی سووری“ رایگەیاند، کە ئەندامێکی بزووتنەوەکەیان ”بە یاوەریی پاڵەوانێکی برایانی تورک“ ئاندری کارۆلۆڤی کوشتووە.
بزووتنەوەی میللی سووری هەڕەشەی لە هەردوو وڵاتی ئێران و رووسیا کرد، کە کوشتنی باڵیۆزی رووسیا لە ئەنقەرە ”دەستپێکە بۆ کردەکانی داهاتوومان لە هەموو جیهان لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران و رووسیا“.
هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، کوشتنی باڵیۆزی رووسیا بۆ تۆڵەکردنەوەی کوژرانی هەزاران هاووڵاتیی شاری حەلەبە لە باکووری رۆژئاوای سووریا، کە بە دەستی چەکدارانی رژێمی سووریا دەکوژرێن و سوپای رووسیاش پشتگیریی رژێمی سووریا دەکات.
ئەو بزووتنەوەیە لە بەیاننامەکەیدا هەڕەشەی لە رژێمی سووریاش کردووە، کە ”تۆڵەی سوورییەکان“ دەکاتەوە.
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە، لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 400 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.
payamner-
