ئەنجومەنی پیرانی مەکسیک ڕێگەی بە کیشان و ڕواندنی ماریگوانا دا
ئەنجومەنی پیرانی مەکسیک، بە زۆرینەی دەنگ، پڕۆژە یاسای بەکارھێنان و ڕواندنی ماریگوانا بە مەبەستی پزیشکی، پەسەند کرد و ئێستا پڕۆژە یاساکە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە بەرزکراوەتەوە، تاکو ئەوانیش بڕیاری لەسەر بدەن.
لە مانگی نیسانی ڕابردوو، بۆ یەکەم جار ئینریکە بینیا نیتۆ، سەرۆکی مەکسیک، ڕایگەیاند کە لە ماوەیەکی زۆر نزیک بەکارھێنانی ماریگوانا بۆ مەبەستی پزیشکی و لێکۆڵینەوە، بە یاسا ڕێگەی پێدەدرێت.
پەسەندکردنی ئەو پڕۆژە یاسایە لە ئەنجومەنی پیرانی ئەو وڵاتە، دوای مشتومڕێکی زۆر لەبارەیەوە دێت، سەرۆکی ئەو وڵاتەش جەختی لەوە کردەوە، کە بەکارھێنان، چاندن و ھاوردەکردنی لە ژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنی دەبێت.
پێشتر دادگای باڵای وڵاتی مەکسیک، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2015 بەکارھێنانی ماریگوانای بەکارێکی کەسی دانا، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی دادگەی باڵا، ڕێگە بە جووتیاران درا کە بتوانن ئەم ماددە ھۆشبەرە بڕوێنن، بەڵام بەو مەرجەی تەنیا بۆ خۆیان بێت و نەبێتە بازرگانی.
bas news-
