جۆن کێری و سی ئای ئەی داوای لێبوردنيان لە تورکیا کرد
دەزگای ھەواڵگریی ئەمریکا (CIA) بەھۆی ئەو تۆمەتانەی دابوویە پاڵ تورکیا داوای لێبوردنی لەو وڵاتە کردووە.
میدیاکانی تورکیا بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایانگەیاند "دەزگای ھەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا بەھۆی ئەو تۆمەتەوە، کە لە ٢٠١٤دا دابوویە پاڵ تورکیا، گوایە ئەنقەرە نەوتی داعش دەکڕێت، داوای لێبوردنی کردووە".
لە ساڵی ٢٠١٤ لەکاتی کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیای گوت: زانیاریمان لایە کە نەوتی داعش دەکڕن.
بە پێی میدیاکانی تورکیا، چاوشئۆغڵوش لە وەڵامدا گوتویەتی :جۆن، ئەوانە دەناسین کە ئەو زانیاریانەیان بەئێوە داوە بەھۆی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ میسر، ھەندێک وڵاتی عەرەبی دژی ئێمەن ئەمە تۆمەتێکی زۆر جدییە، بەڵگەکەنمان رادەست بکەن.
ھەروەھا میدیاکانی تورکیا رایانگەیاندووە، دوای ماوەیەکی زۆریش ئەمریکا ئەو بەڵگانەی نەداوە بە تورکیا تاوەکو کاتێک چاوشئۆغڵو دووبارە داوای بەڵگەکانی لە جۆن کێری، کردەوە، پاشان بەڵگەکان رادەستی دەزگای ھەواڵگریی نیشتیمانی تورکیا کران.
بەڵام دوای ئەوەی دەزگاکانی سیخوڕی و ھەواڵگری تورکیا لێکۆڵینەوەیان لەبارەی بەڵگەکانەوە کردووە، بۆیان روونبووەتەوە ئەو وێنانەی وەکو بەڵگە لە دژی تورکیا ئامادەکرابوون، لەناو کارگەی قیری کلیسدا گیراون لەسەر سنووری ئەو وڵاتە لەگەڵ سووریا، بەو ھۆیەوە جۆن کێری داوای لێبوردنی لە چاوشئۆغڵو کردووە، بەھەمان شێوە CIA بە نامەیەکی فەرمی داوای لێبوردنی لە تورکیا کردووە
payamner-
