رووسیا ئامادەکاری بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەدموور دەکات
هێرشی چەكدارانی داعش بۆ شاری تەدمووری سووریا و دووبارە كۆنترۆڵكردنەوەی، كاردانەوە و نیگەرانی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، یەكێك لە وڵاتە نیگەرانەكان رووسیایە كە لە شەڕی نێوخۆیی سووریا پشتیوانییەكی زۆری پێشكەشی حكومەتی بەشار ئەسەد كردووە و ئێستاش ئامادەكاری بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی تەدموور دەكات.
دووبارە كۆنترۆڵكردنەوەی شاری تەدمووری مێژوویی سووریا لەلایەن چەكدارانی داعش، کاردانەوەی سیاسی و سەربازی وڵاتانی بەدوای خۆیدا هێناوە و رووسیاش لەم بابەتە زۆر نیگەرانە. رووسیا بە هاوپەیمانیی ئێران پشتوانییەكی زۆری ئاسمانی و سەربازی و لۆجیستی پێشكەشكی بەشار ئەسەد دەكەن و هۆكاری سەرەكی بوون بۆ هێشتنەوەی لە دەسەڵات.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا پشتڕاستی كردووەتەوە داعش بەشی زۆری شاری تەدمووری کۆنترۆڵ کردووەتەوە، لەماوەی دوو رۆژی رابردووشدا وەزارەتی بەرگریی رووسیا روونکردنەوەی سەربازی زۆری لەبارەی تەدموور داوە. وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاندووە، لە هەوڵدا دەبن بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەدموور لەدەست چەکدارانی داعش و ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی داعش لەو شارە مێژوییە گرنگە دەربکەن.
دوای هەشت مانگ لە کۆنترۆڵکردنەوەی شاری تەدمووری مێژوویی لە سووریا، داعش رایگەیاند رۆژی یەکشەممە 11-12-2016 دووبارە شارەكەی کۆنترۆڵ کردووەتەوە. داعش لە مانگی ئایاری ساڵی 2015 شاری تەدمووری كۆنترۆڵ كرد، كە بە یەكێك لە شوێنەوارە دێرینەكانی مرۆڤایەتی لە سووریا دادەنرێت و، دەكەوێتە رۆژهەڵاتی پارێزگای حمس. هەشت مانگ پێش ئێستاش سوپای سووریا بەیارمەتی فڕۆكە جەنگییەكانی رووسیا، داعشی لەو شارە وەدەرنا.
payamner-
