شەڕ له حەلەب دەستی پێکردەوه و چۆل کردنی رۆژهەڵاتی ئەم شارەش راگیرا

شەڕ له حەلەب دەستی پێکردەوه و چۆل کردنی رۆژهەڵاتی ئەم شارەش راگیرا


بەپێی دوایین هەواڵەکان، بەیانیی ئەمڕۆ شەڕ لەنێوان سوپای رژێمی سووریا و گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن دەستی پێکردەوه. رووسیا دەڵێت هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن شەڕیان دەست پێکردۆتەوه.



بەپێی رێککەوتنی دوێنێ، بڕیاربوو چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن به ٢٠پاس له رۆژهەڵاتی حەلەب دەرکەون، بەڵام ئەم گواستنەوەیەش راگیرا.



ئۆپۆزسیۆن دەڵێت، سەپاندنی مەرجی نوێ لەلایەن حکومەتی سوریا و هاوپەیمانانی، بەتایبەت ئێران، بووه هۆی راوەستانی دەرکەوتنی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن له رۆژهەڵاتی حەلەب.



رژێمی سووریا دژایەتیی خۆی سەبارەت به زیاد کردنی ژمارەی ئەو کەسانەی له رۆژهەڵاتی حەلەب دەردەکەون، دەربڕی. رژێمی سووریا هەروەها داوای کردووه لیستی ناوی ئەو کەسانەی ئەم بەشەی حەلەب جێ‌دەهێڵن، پێی بدرێت بۆ ئەوە دڵنیا بێت کەسی سەر به رژێم بەبارمته نەگیرابێت یان دەستبەسەر نەکرابێت.



هەروەها گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن دەڵێن، رژێمی سووریا هەوڵ دەدات، بابەتی چۆل کردنی رۆژهەڵاتی حەلەب به هەڵگرتنی گەمارۆ لەسەر دوو گوندی "فوئا" و "کەفریا" له پارێزگای ئیدلیب، گرێ بدات.



حکومەتی تورکیاش، رژێمی ئەسەدی تۆمەتبار کردووه که بۆته بەربەست لەبەردەم رێککەوتنی ئاگربەست و چۆل کردنی رۆژهەڵاتی حەلەب.



رێککەوتن لەسەر ئاگربەست و بەتاڵ کردنی رۆژهەڵاتی حەلەب، به بەڕیوانیی رووسیا که هاوپەیمانی رژێمی ئەسەده و تورکیا ئەنجام درا.



چاودێرانی نێودەولەتی نیگەرانی کوشتاری خەڵک لەو بەشەی حەلەبن.
payamner-
Top