ئێران گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای بۆینگی ئەمریكی بۆ كڕینی 80 فڕۆكەی نەفەرهەڵگر واژۆكرد

ئێران گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای بۆینگی ئەمریكی بۆ كڕینی 80 فڕۆكەی نەفەرهەڵگر واژۆكرد

كۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، ئەمڕۆ گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای بۆینگی ئەمریكی واژۆكردووە بۆ كڕینی 80 فڕۆكەی نەفەرهەڵگر.

رۆیتەرز بە پشتبەستن بە ئاژانسی ئێرنای ئێران بڵاویكردۆتەوە، ئەوە گەورەترین رێكەوتنی نێوان ئەمریكا و ئێرانە لەدوای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە لە 1979دا.

فەرهاد پارڤارێش، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری هێڵی ئاسمانی نیشتیمانی ئێران ڕایگەیاندووە"ڕێكەوتنەكە بۆ ماوەی 10 ساڵە و پەنجا فڕۆكەی بۆینگ 737 و 30 فڕۆكەی بۆینگ 777 لەخۆدەگرێت".

كۆمپانیای بۆینگ لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئاشكرایكرد رێكەوتنیكی لەگەڵ ئێراندا واژۆكردووە بۆ فرۆشتنی 100 فڕۆكەی بۆینگ بەو وڵاتە.

رێكەوتنەكەی ئەمڕۆی نێوان بۆینگ‌و هیڵی ئاسمانی نیشتیمانی ئێران بەهاكەی دەگاتە 16.6 ملیار دۆلار و لەلایەن حكومەتی ئەمریكاوە پەسەند كراوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە لەمانگی ڕابردوودا ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا پڕۆژە یاسایەكی پەسەندكرد بۆ قەدەغەكردنی فرۆشتنی فڕۆكەی بازرگانی بە ئێران، ئەوەش ڕێگری دروستدەكات بۆ وەزارەتی دارایی ئەمریكا لەوەی چەند مۆڵەتێك دەربچێنێت كە بانكە ئەمریكییەكان پێویستیانە بۆ فرۆشتنی فڕۆكەی بازرگانی بە ئێران.

كۆمارییەكان كە زۆرینەی كۆنگرێسی ئەمریكایان كۆنتڕۆڵ كردووە لە هەوڵدان بۆ دژایەتیكردنی رێكەوتنامەی ئەتۆمی پارساڵی نێوان ئێران و ئەمریكا و زلهێزەكانی دیكەی جیهان، كە بەپێی رێكەوتنەكە سزا ئابوورییەكانی سەر ئێران سوككراون.

رێكەوتنەكەی بۆینگ یارمەتیدەر دەبێت بۆ نوێ كردنەوەو فراوانكردنی هێڵی ئاسمانی كۆنی ئێران كە دەیان ساڵە بەهۆی سزاكانەوە بە شێوەی قاچاخ پارچە و كەرەستەی یەدەگی بۆ نوێكردنەوە پێدەگات.
XANDAN-
Top