ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکانی ئیستانبوڵ گەیشتە ٣٨ کەس

ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکانی ئیستانبوڵ گەیشتە ٣٨ کەس
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیلو رایگەیاند: "بەپێی دوایین زانیاری کە بەدەستمان گەیشتووە ژمارەی ئەو کەسانەی بەھۆی ھێرشە قێزەونەکەی ئێوارەی دوێنێ شەھید بوون گەیشتووەتە ٣٨ کەس، لەوانەش ٣٠ پۆلیس و کارمەندی ئاسایشن، حەوتیان ھاووڵاتی مەدەنی و یەکێکیشیان ناسنامەکەی تا ئێستا نەتوانراوە دیاری بکرێت".



سولەیمان سۆیلو، ئاماژەی بەوە کرد: "تێکڕا ١٣ کەس دەستگیرکراون، ھەردوای ئەو رووداوە ١٠ کەس دەستگیرکران، پاشانیش لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکاندا سێ کەسی دیکە دەستگیرکران."



وەزیری ناوخۆی تورکیا راشیگەیاند: ''لە نەخۆشخانەکاندا ١٥٥بریندارمان ھەیە. لەوانە ١٤یان لە یەکەی چاودێریی چڕن، ٥یان لەژێر نەشتەرگەریدان و ١٣٦ـەکەی دیکەیان لەژێر چاودێریی پزیشکیدان''.



به گوتەی سۆیلو: ''لەئەنجامی ئەو ھەڵسەنگاندنانەی ھاوڕێیانمان ئەنجامیانداوە، پەکەکە وەک ئەنجامدەری ھێرشەکان ئاماژەی بۆ دەکرێت. زانیاریی سەبارەت بەوەی کە ھێرشەکە چۆن پلانی بۆ داڕێژراوە، کەی پلانەکە دانراوە و چۆن جێبەجێکراوە، لەلای ھاوڕێیانمان ھەیە بەڵام لەبەر رەوتی لێکۆڵینەوەکان و بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکە، ناتوانین روونکردنەوەی زیاتر لەوبارەیەوە بدەین''.
PAYAMNER -
Top