لە حەلەب فەرماندەیەکی باڵای رووسیا کوژرا

لە حەلەب فەرماندەیەکی باڵای رووسیا کوژرا
فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی رووسیا لە شاری حەلەب لە باکووری رۆژئاوای سووریا کوژرا و وەزارەتی بەرگریی رووسیاش بەیاننامەیەک بڵاو دەکاتەوە.



بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، رۆژی چوارشەممە 7ـی کانوونی یەکەمی 2016، عەقید رۆسلان گالیتسکی، راوێژکار و فەرماندەی سەربازیی رووسیا لە شاری حەلەب کوژراوە.



هەروەک وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاندووە، عەقید رۆسلان گالیتسکی بە تۆپبارانی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا لە گەڕەکێکی شاری حەلەب کوژراوە.



لە مانگی ئەیلولی 2015 وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، کە بە مەبەستی بۆردومانکردنی بنکە و بارەگاکانی رێکخراوی توندڕەوی داعش، سوپای رووسیا بەشداریی شەڕ لە سووریا دەکات، بەڵام هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان پێیانوایە، فڕۆکە جەنگییە رووسییەکان تەنیا بنکە و بارەگاکانی نەیارانی رژێمی سووریا بۆردومان دەکەن.



شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە، لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 400 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.





باسنیوز
Top