جۆن کێری: ترەمپ گوێ لە پێشنیار و ڕاسپاردەکانی وەزارەتی دەرەوە ناگرێت

جۆن کێری: ترەمپ گوێ لە پێشنیار و ڕاسپاردەکانی وەزارەتی دەرەوە ناگرێت
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕەخنەی لە سەرکۆماری تازە هەڵبژێردراوی ئەمریکا گرت و دەڵێت "دۆناڵد ترەمپ هیچ گرنگی و سەرنجێک بە پێشنیار و راسپاردەکانی ئێمە و بەتایبەت وەزارەتی دەرەوە ناکات."



بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی (ئەسەوشیەیتێدپرێس) جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا گوتی "ترەمپ هیچ بایەخێک بە پێشنیار و ڕاسپاردەکانی وەزارەتی دەرەوە نادات و بەرلە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، ڕاوێژ بە وەزارەتی دەرەوە ناکات."



ئەم ڕەخنەیەی جۆن کێری لە کاردانەوە بەو گرژی و ئاڵۆزیەیە کە لە ڕۆژانی رابردوودا لە نێوان ئەمریکا و چین بەهۆی گفتوگۆی نێوان ترەمپ و سەرۆکی تایوان هاتە ئاراوە.



جۆن کێری پاش گفتوگۆی جەنجاڵیی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ چەند کسایەتییەکی بیانی گوتی "ترەمپ و تیمەکەی بەرلە ئەم دیدار و گفتوگۆیانە لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی دیکە، هیچ پەیوەندی و ڕاوێژێک بە وەزارەتی دەرەوە ناکەن."



ترەمپ هەینیی ڕابردوودا بە پێشێلکردنی سیاسەتی 37 ساڵەی واشنتۆن، لەبارەی پەیوەندی نەگرتنی راستەوخۆی سەرۆکەکانی ئەمریکا و تایوان، لەگەڵ سەرۆکی کارگێڕێی ئەو دوورگەیە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیی ئەنجام دا کە بووە هۆی ناڕەزایی دەربڕینی چین.




باسنيوز
Top