ئێران: ڕێگە نادەین هیچ وڵاتێک یەکلایەنە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەبار ببات

 ئێران: ڕێگە نادەین هیچ وڵاتێک یەکلایەنە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەبار ببات
محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە 2016 -12 -5 لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چین ڕایگەیاند "ئێمە ڕێگە نادەین هیچ وڵاتێک بە شێوەی یەکلایەنە هەوڵێ لەباربردنی ڕێککەوتنی ناوکی بدات، هەڵبەت ئێمە ڕێگەچارە و وەڵامی پێویستمان بۆ ئەمکارە هەیە."



بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی حکوومەتیی (ئیسنا) زەریف لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "ئێران و چین بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ناوکی (بەرجام) هاوکارییەکی چڕوپڕیان پێکەوە هەیە، چونکە ڕککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و ڕۆژئاوا، ڕێککەوتنێکی چەند ڕەهەند و لایەنەیە و دەبێ لەلایەن هەموانەوە گرنگیی پێ بدرێت و ئێمە و وڵاتی چین لەم بارەوە هاودەنگین."



هەفتەی ڕابردوو کۆنگرێسی ئەمریکا بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاسای درێژەکردنەوەی گەرمارۆکانی سەر ئێرانی بۆ ماوەی دە ساڵی دیکە پەسەند کرد و بڕیارە سەرکۆماری ئەمریکاش واژۆی بکات، ئەم هەڵوێستەی ئەرمیکا لەلایەن ئێرانەوە بە پێشێلکاریی ڕێککەوتنی ناوکی لەقەلەم دراوە و کاردانەوەی سەرکۆمار، وەزیری دەرەوە و بەتایبەت پەرلەمانێ ئێرانی لێ کەوتووەتەوە."




باسنيوز
Top