بیۆگرافیای وەزیری پێشنیازکراوی بەرگریی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا جەیمس ماتیس، ژەنەڕالی خانەنشی بووی سوپای وڵاتەکەی وەک وەزیری بەرگریی لە کابینەی داهاتووی ئەمریکا، دەستنیشان کردووە.
جەیمس ماتیسی تەمەن 66 ساڵ، ئەفسەری پێشووی هێزی پیادەی دەریایی ئەمریکا بووە و دوا پلەشی ژەنەڕالی سەربازیی بوو.
ماتیس، کە لەسەردەمی سەرۆکایەتیی باراک ئۆباما، سەرۆکی ولاتەکەی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا بوو و لە ساڵی 2013 خۆی خانەنشین کرد، رەخنەگرێکی توندی سیاسەتی ئۆباما بوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت لە بەرامبەر ئێران و پێیوایە ئەو وڵاتە ”تاکە هەڕەشەیە لەسەر ئاشتیی و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست“.
ئەو فەرماندە سەربازییە ئەمریکییە ئەزموونێکی مەیدانیی فراوانی لە بەرەکانی جەنگ هەیە و لە ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی بیابان (شەڕی کەنداوی یەکەم) لە ساڵی 1991، فەرماندەی کەتیبەیەکی هێرشبەر بووە، هەروەها بەشداریی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی عێراقی لە ساڵی 2003شدا کردووە.
دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان و رووخاندنی رژێمی تاڵیبانی توندڕەو، جەیمس ماتیس فەرماندەی هێزی تایبەت بووە لە باشووری ئەفغانستان لە ساڵی 2001.
ماتیس هەروەها لە شەڕەکانی نێوان سوپای وڵاتەکەی و گرووپە توندڕەوەکانی عێراق رۆڵێکی کاریگەری هەبووە بە تایبەت لە شارۆچکەی فەللوجە و بە ”دڕی“ ناسرابوو.
هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ ئەو ژەنەڕالە خانەنشینەی وەک وەزیری بەرگریی لە کابینەکەی خۆیدا دەستنیشان کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی یاساکانی ئەمریکا مەرجی تێپەڕینی حەوت ساڵیان بەسەر خانەنشینبوون بۆ وەزیری بەرگریی داناوە، پێویستە جەیمس ماتیس رەزامەندیی کۆنگرێسی وڵاتەکەی بەدەست بهێنێت، کە پارتی کۆماری (پارتەکەی ترەمپ) زۆرینەی کورسییەکانی تێدا مسۆگەر کردووە.
bas news -
