کۆشکی سپی: ئۆباما یاسای گەمارۆی نوێ لەدژی ئێران واژۆ دەکات

 کۆشکی سپی: ئۆباما یاسای گەمارۆی نوێ لەدژی ئێران واژۆ دەکات
گوتەبێژی کۆشکی سپیی ئەمریکا ڕاگەیاندووە "باراک ئۆباما سەرکۆماری ئەو وڵاتە، پەسەندکراوی کۆنگرێس لەبارەی نوێکردنەوەی گەرمارۆکانی سەر ئێران بۆ ماوەی دە ساڵی دیکەی واژۆ کردووە هەتا ببێتە یاسا."



بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسە جیهانییەکان، ئەریک شۆڵتێز، گوتەبێژی کۆشکی سپی دوێنێ هەینی 2016 -12- 3 لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی "ئێمە لەو باوەڕە داین کە نۆژەنکردنەوەی گەرمارۆکان بۆ سەر ئێران زەرووری و پێویست نین، بەڵام پێمان وایە نوێکردنەوەشیان کاریگەریی لەسەر ڕێککەوتنەکە نابێت و سەرکۆماریش ئەم پەسەندکراوە واژۆ دەکات."



لە بەرانبەردا بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەرانبەر ئەم هەڵوێستەدا ڕایگەیاندووە "پەسەندکردنی یاسای درێژکردنەوەی گەمارۆکان لەدژێ ئیران لە کۆنگرێسی ئەمریکا (پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ناوکی)یە."



ماڵپەڕی (فارس)ی نزیک لە سوپای پاسداران لە ڕاپۆرتێکدا لەم بارەوە بڵاوی کردووەتەوە "بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئێران سەرقاڵی داڕشتنی گەڵاڵەیەکی نوێن بۆ چالاککردنەوەی پرۆسەی ناوکیی ئێران."



مانگی ژوئەنی ئەمساڵ تاران و زلهێزەکانی دنیا لەسەر پرسی ئەتۆمیی ئێران ڕێک کەوتن کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە "چالاکییە ئەوتۆمییەکانی ئێران بەرتەسک بکرێنەوە، لە بەرانبەریشدا ئەو گەمارۆیانەی ئێران کە لەبەر ئەو چالاکییە گیراونەتە بەر، هەڵبوەشێنرینەوە."



پێشتر کۆنگرێسی ئەمریکا یاسای گەرمارۆی نوێ لەدژی ئێرانی بە کۆی 419 دەنگی ئەرێنی لە بەرانبەر یەک دەنگی دژبەردا پەسەند کرد.









باسنیوز
Top