لە شاری پاوە کەمتەرخەمیی پزیشکی بووە هۆی گیان لەدەستدانی ژنێک
هەڵەی پزیشکی پزیشکەکانی شاری پاوە، گیان لەدەستدانی دایکێکی دوو گیانی خەڵکی ئەو شارەی لێ کەوتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی (هەنگاو) سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 2016 -12- 3 ژنێکی گەنج بەناوی مەرزیە شەکەری، بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە لە شاری پاوە گیانی لەدەست دا.
مەرزیە شەکەری، کچی کەیکاوس و خەڵکی گوندی "شۆشمێ"یە کە لەکاتی گواستنەوە لە نەخۆشخانەی "قودس"ی شاری پاوە بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری کرماشان گیانی لەدەست داوە.
یەکێک لە نزیکانی مەرزیە شەکەری بە ماڵپەڕی هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە "دوای خەواندنی مەرزیە لە نەخۆشخانە سات لە دوای سات دۆخی جەستەیی خراپتر دەبوو و داوای ئێمە بۆ گواستنەوەی بۆ ناوەندیکی دەرمانی دیکە، یان هێنانی کادری شارەزا بێ ئاکام مایەوە و تەنانەت بە نیسبەت ئەو داوایەی ئێمەوە تووڕە بوون، لە ئەنجامدا کاتێک بڕیاریان دا کە نەخۆشەکەمان بگوازنەوە، مەرزیە چوبووە حاڵەتی کۆماوە و بوورابووەوە."
لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا چەندین حاڵەتی گیان لەدەستدانی دایکانی دووگیان لە شاری پاوە بەهۆی کەمتەرخەمی و هەڵەی پزیشکییەوە تۆمار کراوە، بەڵام بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو قوربانیانە لەلایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە هیچ وڵامێکی نەبووە.
BAS NEWS-
