شازادەیەکی سعودیە داوای ئاساییکردنی شۆفێریی ژنان دەکات
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (BBC)، وەلید بن تەڵاڵ، شازادە و ملیاردێری سعودی رایگەیاندووە، کە هەڵگرتنی قەدەغە لەسەر شۆفێریی ژنان لە سعودیە، کاریگەریی بەسەر بووژاندنەوەی ئابووریی وڵاتەکە دەبێت.
وەلید بن تەڵاڵ داوای لە دەسەڵاتدارانی ولاتەکەی کردووە، ئەو یاسایانە هەڵبووەشێننەوە، کە رێگا لە شۆفێریی ژنان دەگرێت و یاسای نوێ دابنرێت.
بە گوتەی ئەو شازادە سعودیە، کە یەکێکە لە ملیاردێرەکانی جیهان، رێگرتن لە ژنان لەوەی شۆفێری بکەن، هەروەک رێگرتنیانە لە چوونە خوێندن و ئەوەش ”ستەمێکی کۆمەڵایەتییە و دژی بنەماکانی ئایینی ئیسلامە“.
سعودیە تاکە وڵاتە، کە تێیدا ژنانی وڵاتەکە ناتوانن شۆفێری بکەن، بەڵام ژنانی بیانی لە کاتی سەردانیان یان ژیانیان لەو وڵاتە، دەتوانن شۆفێری بکەن.
شازادە وەلید بن تەڵاڵ، برازای شا سەلمان، شای سعودیەیە و نەوەی شا عەبدولعەزیز ئال سعود، یەکەم شا و دامەزرێنەری سعودیەیە، هیچ پۆستێکی حکومی نییە.
باسنيوز
