سەرۆکی پێشووی SIA: دڕاندنی ڕێککەوتنامەی ئەتۆمیی ئێران هەڵوێستێکی نەشیاوە
جۆن بێرنان، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (SIA) لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی (BBC) ڕایگەیاندووە "ئەگەر سەرکۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا درێژە بە هەڕەشەی خۆی لەبارەی دڕاندنی ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران بدات، ئەوا ئەو هەڵوێستە ئەوپەڕی ناعەقڵانی بوونی دەگەیەنێت."
گوتیشی "یەکەم ئەوەی کە حکوومەتێک بێت و لە ئەمریکا ڕێککەوتنێک کە کابینەی پێشوو ئەنجامی داوە، بدڕێنێ، ئەمە هەوڵێکی بێوێنە و پیشتر رووی نەداوە و ئەم کارە دەبێتە هۆی مەترسیی گرتنەبەری ڕێکار و هەڵوێستی توند لەلایەن باڵی توندڕەوی ئێرانەوە."
سەرۆکی پێشووی (SIA) ئەو ڕێککەوتننامەیە بە قازانجی ئەمەریکا و ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە وەسف کردووە و لەبارەی پشتگوێخستنی لەلایەن حکوومەتی داهاتووی ئەمریکاوە گوتی "پێم وایە ئەمە هەوڵێکی کارەساتبار دەبێت و بەرەنجامی خراپی بەدودا دێت."
دۆناڵد ترەمپ، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ سەرکۆماریی ئەمریکا ڕێککەوتنی ناوکیی ئەمریکا لەگەڵ ئیرانی بە (خراپترین ڕێککەوتن) وەسف کرد و رایگەیاند "ئەگەر بێت و ببێتە سەرکۆماری ئەمریکا پشتگوێی دەخات و تەنانەت دەشی دڕنێت."
ئەم هەڵوێستەی دۆناڵد ترەمپ، بووە هۆی کاردانەوەی جۆراوجۆر لە ئاستی ناوخۆی ئەمریکا، ئێران و ناوەندە جیهانییەکان.
ڕێککەوتنی ناوکێی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج زێدە یەک، پاش چەند زیاتر لە دە ساڵ کیشە و چەند مانگ دانوستان سەرەنجام بووە هۆی هەڵوەشانەوەی هەندێ لە گەمارۆکانی سەر ئێران، لە بەرانبەردا هەندێ گۆڕانکاری لە بەرنامەی ناوکیی ئێران. دانوستان و ڕێککەوتن لە نیوان نوێنەرانی ئێران و ئەمریکا بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنە، ڕۆڵێکی سەرەکیی هەبووە.
باسنيوز
