هەدەپە ڕەخنە لە دادگاییكردنی پەرلەمانتاران بەدەستگیركراوی دەگرێت
بیلگەن ئاماژەی بەوە دا کە داوایان بۆ ئازادکردنی پەرلەمانتارانی ھەدەپە لە دادگای دەستووری تۆمار کردووە.
بیلگەن لە لێدوانی دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناوەندی پارتەکەی لە بارەگای گشتی ھەدەپە، رایگەیاند لە کۆبوونەوەکە ھەڵسەنگاندنیان لەبارەی رەوشی سیاسی تورکیا و دەستبەسەرکردنی ھاوسەرۆکانی گشتی ھەدەپە و ھەندێک لە پەرلەمانتاران کردووە.
گوتەبێژی ھەدەپە ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە داوایان دەربارەی دەستبەسەرکردنی پەرلەمانتارانی ھەدەپە پێشکەش بە دادگای دەستووری کردووە و گوتیشی "بڕیاری دادگای دەستووری روونە. ئەو ھەڵوێستەی پێشتر دەربارەی ئەو پەرلەمانتارانەی بە دەستگیرکراوی دادگایی دەکران، پەیوەندی بە گشت پەرلەمانتاران ھەیە. بڕیارەکانی یاسایی تەنھا بە بڕیاری کەسێک سنووردار نییە. یەکسانی بەرامبەر بە یاسا لەمە پێکدێت. پێمانوایە بێ ئەوەی دەرفەت بە پێشێلکاری گەورەی ماف بدرێت، پێویستە گەشە بە ھەوڵێک لەو بارەیەوە بدرێت".
بیلگەن لە درێژەدا راشیگەیاند کە بەدەستبەسەرکردنی ھاوسەرۆکانیان، پێویست بە کۆنگرەی نائاسایی پارتەکەی ناکات.
گوتەبێژی ھەدەپە لەبارەی بڕیاری پەرلەمانی ئەورووپا لەمەڕ ھەڵپەساردنی دانوستانەکانی بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەورووپا بۆ ماوەیەکی کاتی، رایگەیاند لەگەڵ ئەوەدا نین ھەڵوێستی دژی یەکتر بدەن و بە پێویستی زانی ھەموو لایەک بە ھۆشیاری مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکات.
BAS NEWS -
