سۆماڵ؛ بەهۆی تەقینەوەیەكەوە 10 كەس كوژران
بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لەبەردەم خاڵێكی پشكنینی هێزەكانی پۆلیس لەنزیك بازاڕێكی قەرەباڵغ لەمەقادیشیۆی پایتەختی سۆماڵ، لانیكەم 10 كەس كوژراونو دەیانی دیكەش برینداربوون.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردوەتەوە كە شایەتحاڵەكان چەندین لاشەیان بینیوە كە بەرتەقینەوەكە كەوتوون لەنزیك بازاڕێكی سەوزەو میوەو ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنیش گەیشتونەتە ناوچەكە.
"هەموو بازاڕەكە وێران كراوەو خەڵكیش مردوون. بەدڵنیایەوە ئاماری كوژراوەكان بەرزدەبێتەوە" كۆڵۆنێل ئەبوبەكر فەرەح، فەرماندەی پۆلیس وای بەرۆیتەرز وتووەو ئاماژەی بەوەشكردوە كە تائێستا لانیكەم لە گیانلەدەستدانی 10 كەس دڵنیابوونەتەوەو دەیانی دیكەش برینداربوون.
تائێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی خۆی لەتەقینەوەكە ڕانەگەیاندووە، بەڵام گروپی شەباب كە گروپێكی ڕادیكاڵی ئیسلامیە لەسۆماڵ زۆرجار كردەوەی لەوجۆرەی ئەنجامداوە لەمەقەدیشۆی پایتەخت بەمەرامی ڕوخاندی حكومەتی سۆماڵو سەپاندنی یاساو ڕێوشوێنە ئیسلامییە توندەكانی بەسەر ئەو وڵاتەدا.
ئەوەش لەكاتێكدایە لەئێستادا هەڵبژاردن بۆ دەستنیشانكردنی ئەندامانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت كە لە23ی تشرینی یەكەمەوە دەستی پێكردوەو بڕیاربوو لە10ی ئەم مانگە كۆتایی بێت، بەڵام چەند جارێك دواخراو بڕیارە لەكۆتایی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنەكە كۆتایی بێت و دواتر ئەندامانی پەرلەمان سەرۆك بۆ ئەو وڵاتە هەڵببژێرن.
XANDAN-
