خامنەیی: ئەگەر ئەمریکا گەمارۆ بخاتەوە سەر ئێران کاردانەوەمان دەبێت

 خامنەیی: ئەگەر ئەمریکا گەمارۆ بخاتەوە سەر ئێران کاردانەوەمان دەبێت
عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ ڕایگەیاند: "ئەمریکا لە دۆسیەی ڕێککەوتنی ناوکیدا لاریی زۆری نواند کە لەم دوایانەدا بۆ دەساڵی دیکەش گەمارۆی ئێرانی درێژ کردەوە، ئەگەر بێت و گەمارۆکان جێبەجێ بکرێن، بێگومان بەرجام هەڵدەوەشێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (میهر) و بە پشذتبەستن بە ڕاگەیاندنی نووسینگەی خامنەیی، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 2016 -11-24 لەگەڵ هێزە بەسیجییەکانی سەر بە سوپای پاسداران دیداریان کرد و جەختیان لەوە کردەوە "ئەگەر ئەمریکا دووبارە گەمارۆکان دژی ئێران جێبەجێ بکات، ئەوان بێدەنگ نابن و کاردانەوەیان دەبێت."

خامنەیی لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژەیان دایە بابەتە پەیوەندیدارەکان بە ئێران و ئەمریکا و گوتی: "ئێمە ئێستا ناتوانین قەزاوەتی دەوڵەتی نوێ ئەمریکا بکەین، بەڵام دەوڵەتی ئێستای ئەمریکا پێچەوانەی ڕێککەوتنی ناوکی کار دەکات و تا ئیستا چەندین جار لادانی هەبووە."

جەختیشی کردەوە "کۆنگرێسی ئەمریکا یاسای گەمارۆکانی دژ بە ئێران دە ساڵی دیکە درێژ کردووەتەوە و ئەگەر ئەمە ڕوو بدات بێگومان ڕێککەوتنی ناوکی(بەرجام) پێشێل کراوە و بزانن کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر ئەوەدا کاردانەوەی هەیە."

دووپاتیشی کردەوە کە ڕێککەوتنی ناوکی، یان هەمان بەرجام نابێت ببێتە هۆکارێک بۆ گوشارخستنە سەر گەل و وڵاتی ئێران.










باسنيوز
Top