ئەردۆغان جێگرەوەی یەكێتی ئەوروپا بۆ توركیا دەدۆزێتەوە

ئەردۆغان جێگرەوەی یەكێتی ئەوروپا بۆ توركیا دەدۆزێتەوە
ئەردۆغان رایدەگەیەنێت كە چیتر پێویست ناكات توركیا خەمی چونەناو یەكێتی ئەوروپای هەبێت، بەڵكو ئێستا هەوڵدەدەن بچنە ناو رێكخراوی شەنگەهای و بۆ ئەو مەبەستەش قسەی لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتین كردووە.

"پێویستە سەرەتا توركیا لەبارەی یەكێتی ئەروپاوە هەست بەئارامی بكات و گرنگی پێ نەدات"، سەرۆكی توركیا لەفڕۆكەیەكدا لە ئۆزباكستان وای بەرۆژنامەنووسە توركەكان وت.

وتیشی"رەنگە هەندێك رەخنەم لێ بگرن، بەڵام من بۆچوونی خۆم دەردەبڕم. بۆ نمونە، من دەڵێم بۆچی توركیا لە شەنگەهای 5 دا نەبێت؟"

رێكخراوی هاریكاریی شەنگەهای-پێشی دەوترێت پەیمانی شەنگەهای- قەوارەیەكی ئەمنی و ئابورییە لەلایەن ڕوسیاو چینەوە رابەرایەتی دەكرێت، ئەندامەكانی دیكەشی بریتین لە كازاخستان، قیرغزستان و تاجاكستان.

ئەو وتانەی ئەردۆغان لەكاتێكدایە كە چەندین ساڵە توركیا دەخوازێت پەیوەندی بكات بەرێكخراوی یەكێتی ئەوروپاوە، بەڵام سەركەوتوو نەبووەو بەهۆی هەڵمەتی پاكتاوكردنەكانی دوای كودەتاكەی 15ی تەموزیشەوە، ئەگەری قبوڵكردنی توركیا لە یەكێتی ئەوروپا بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە.

سەرۆكی توركیا باسی لەوەشكرد لەبارەی چوونەناو رێكخراوی هاریكاریی شەنگەهای، گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆكی ڕوسیا ڤلادیمێر پۆتین و سەرۆكی كازاخستان نورسولتان نازاربایڤ كردووە.

توركیا بەشێوەیەكی فەرمی لەساڵی 1987ەوە داوای بەئەندامبوونی لەیەكێتی ئەوروپا كردوە، بەڵام گفتوگۆكانی پەیوەندیكردن بەو رێكخراوەوە لە ساڵی 2005ەوە دەستی پێكردوە.

هەفتەی رابردوو ئەردۆغان هۆشداریدایە یەكێتی ئەوروپا تا پێش كۆتایی ئەمساڵ بڕیار لەسەر هەوڵی ئەندامبوونەكەی بدەن، بەپێچەوانەوە لەوبارەیەوە ریفراندۆم لەوڵاتەكەیدا سازدەكات.
XANDAN-
Top