جۆن بۆڵتن: تەنیا ڕێگەی درێژخایەن گۆڕینی حکوومەتی ئێرانە
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی (هافینگتۆن پۆست) جۆن بۆڵتن کەلە کاتی سەرکۆماریی بۆشی کوڕدا، پۆستی سەرۆکایەتیی لیژنەی نوێنەرانی ئەمەریکای لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەستۆ بوو، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی ئەمریکیی (بریت برت) گوتی "تەنیا ڕێگەچارەی درێژماوە، گۆڕینی دەسەڵات و حکوومەتی تارانە."
بۆڵتن ئاماژەی بەوەش کردووە "ئایەتوڵاکان لە تاران گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."
جۆن بۆڵتن پێشتریش گۆڕینی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە تاقە ڕێگەی بەرەنگاربونەوەی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە هێناوەتە گۆڕێ و چەندین جار داوای لە حکوومەتی ئەۆباما کردبوو هەتا بنکە و ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆردومان بکات.
بۆڵتن گوتیشی "من ناڵێم بە نەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو شتێک لە ناوچە باش و چارەسەر دەبێت، بەڵام هەڕەشەی سەرەکی لەناو دەچێت."
