ڕاوێژکاری ترەمپ: ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران دەنێردرێتەوە کۆنگرێس

 ڕاوێژکاری ترەمپ: ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران دەنێردرێتەوە کۆنگرێس
یەکێک لە ڕاوێژکارانی دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ئاشکرای کردووە "حکوومەتی داهاتووی ئەمریکا بە جدی پێداچووونەوە بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران (بەرجام)دا دەکرێت."

وەلید فارس، ڕاوێژکاری دۆناڵد ترەمپ بۆ سیاسەتی دەرەوە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی (بی بی سی) لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا سەرکۆماری هەڵبژێردراوی ئەرمیکا ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران ئەدڕێنێت؟ گوتی "دڕاندن لەوانەیەدەستەواژەیەکی توند بێت، بەڵام ئەو ڕێککەوتنەی کە پێشتر کراوە لا دەبات و لەگەڵ ئەورووپییەکان و لایەنەکانی دیکە پێداچووونەوە بەو ڕێكکەوتنەدا دەکرێت."

وەلید فارس ئاماژەی بەوەش داوە کە "ترەمپ بەتەمایە بە وردی پێداچوونەوە بەم ڕێککەوتنەدا بکات، دەنێرێتە کۆنگرێس و پاشان داوا لە ئێرانییەکان دەکرێت چەند خاڵێک بگۆڕن و چەند دانوستان و وتوێژێک دەکرێت کە زۆر چڕتر دەبن."

ئەو ڕاوێژکارەی دۆناڵد ترەمپ، گوتیشی "ئەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ ئێران کراوە، واتە ناردنی 150 ملیار دۆلار بۆ ئێران بەبێ وەرگرتنی هیچ شتێک لە بەرانبەریدا، لەلایەکی دیکەشەوە پەرەسەندنی دەستێوەدانەکانی ئیران لە چوار ناوچەی جیاجیای ئێران بۆ حکوومەتی ترەمپ، بە هیچ شێوەیەک قەبووڵ ناکرێن."

لە ڤیدیۆیەکدا کە دوێنێ هەینی بڵاو کرایەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا لێدوانێکی توند لەدژی ئێران دەدات و دەڵێت "ئێران سەرچاوەی تیرۆرە و لە 24 وڵاتی جیهان و لە چوار کیشوەر کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات و دەبێ ئەم سەرچاوەیە بنەبڕ بکرێت."

یەکەم کاردانەوەی کۆماری ئیسلامی بە هەڵبژارادنی دۆناڵد ترەمپ، لەلایەن محەمەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوە و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە بوو کەلە ڕۆژانی رابردوودا گوتیان "ئەمەریکا سەرچاوەی ئاژاوە و ناسەقامگیریی ناوچەیە و دۆناڵد ترەم دەبێ پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی لە ناوچەدا بێنێت."

هەتا ئێستا عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و هەلىژێرانی دۆناڵد ترەمپ، هیچ هەڵویستێکی نەبووە.















باسنيوز


Top