هەردوو قوبرس بەرەو یەكگرتنەوە هەنگاو دەنێن
سەركردەكانی هەردوو بەشەكەی دوورگەی قوبرس خۆیان بۆ دانوستاندنی سەرەتای مانگی داهاتوو ئامادە دەكەن كە بڕیارە بە نێوبژیوانیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە سویسرا بەڕێوەبچێ. ئەوە یەكەمجاریشە لە گفتوگۆی نێوان قوبرسی یۆنانی و قوبرسی توركیدا پرسی هەستیاری وەكوو سنوورەكان و موڵك و ماڵی ئاوارەكان تاوتوێ بكرێ. وەكوو یەكێك لە بەرپرسانی یەكێتی ئەوروپا دەڵێ، ئەوە یەكەمجار هەردوو لایەن بە نەخشەی قوبرس و پێشنیارەكانیانەوە بۆ چارەسەری كێشەی سنوورەكان، بەشداری كۆبوونەوە بكەن.
هەوڵەكانی یەكگرتنەوەی هەردوو قوبرسەكە بە نێوبژیوانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئاداری 2015ەوە كەوتووەتە گەڕ، لەو كاتەشەوە كۆمەڵێك بەرەوپێشچوون لە بواری گرنگی وەكوو دامەزراندنی سیستەمی فیدراڵی و دانانی میكانیزمێك بۆ چارەسەری كێشەی موڵك و ماڵ لە نێوان ئاوارە و راگوێزراوەكان بەدیهاتوون. ئەم پێشكەوتنانەش جۆرێك لە گەشبینییان دروست كردووە كە دەشێ لە كۆتایی ئەمساڵدا رێككەوتنێك سەبارەت بە یەكگرتنەوەی قوبرسەكان بێتەئاراوە.
قوبرس لە ساڵی 1974ەوە بەسەر دوو بەشی توركی و یۆنانیدا دابەش بووە، لەو ساڵەدا توركیا سوپای رەوانەی باكووری قوبرس كرد لە كاتێكدا یۆنانیش پاش كودێتاكەی هەمان ساڵ بە نیاز بوو قوبرس بكاتە بەشێك لە خاكی وڵاتەكەی. هەر بۆیە یەكێك لە مژارەكانی ئاسایشی قوبرس پەیوەندی بە كشانەوەی هێزە توركییەكان لە باكووری ئەو دوورگەیەوە هەیە.
لە كاتێكدا هەموو چاوەكان لەسەر كۆبوونەوەكەی سەرەتای مانگی داهاتوون، قوبرسییەكان خۆیان بۆ ناكۆكییەكی نوێ ئامادە دەكەن. وەك نەریتێكی ساڵانە، قوبرسی باشوور لە كاژێر 4ی بەرەبەیانی رۆژی 31ی تشرینی یەكەم كاتی وڵاتەكەی یەك كاژێر دەباتە دواوە. بەڵام بۆ یەكەمجار لە كۆماری توركیی باكووریی قوبرس كاتەكان وەك خۆیان دەمێننەوە، ئەمەش دوای ئەوەی حكومەتی توركیا رایگەیاند، كاتەكەی بۆ كاتی زستانە ناگەڕێنێتەوە.
نزیكبوونەوەی قوبرسەكان:
مستەفا ئاكینجی، كە لایەنگرێكی لەمێژینەی یەكگرتنەوەیە، لە هەڵبژاردنی نیسانی 2016دا توانی پۆستی سەرۆكایەتی قوبرسی باكوور بەدەستبهێنێ. سەركەوتنەكەی ئاكینجی هێوایەكی نوێی بە هەوڵەكانی یەكگرتنەوە بەخشی. بۆیەش لە تشرینی یەكەمەوە ئاكینجی و نیكۆس ئاناستاسیادیس، سەرۆكی قوبرس، هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ ئەوەی لەسەر دامەزراندنی قوبرسێكی یەكگرتووی فیدرال رێكبكەون و دواتر رێككەوتنەكە لە دوو گشتپرسی جیاواز لە باكوور و باشوور دەنگی لەسەر بدرێ.
ئەگەرچی هەردوو سەرۆكەكە گەشبینی خۆیان دەربڕیوە كە هەتا كۆتایی ئەمساڵ رێككەوتنێك بكەن، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتگیری لە هەوڵەكان دەكەن و زۆربەی چاودێرانیش پێیانوایە ئەگەر ئەمجارە رێككەوتن نەكرێ یەكگرتنەوەی قوبرسەكان دەیان ساڵ دوادەكەوێ، بەڵام بەربەستی گەورە هێشتا ماون. سەرۆكی هەر دوو قوبرسەكان جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە ئەو كێشانەی شكستیان بە هەوڵەكانی رابردوو دەهێنا، هەتا ئیستا بە چارەسەر نەكراوە ماون، لەوانەش كێشە موڵك و ماڵ، سنوورەكان، رێوشوێنە ئەمنییەكانی سەر سنووری نێوان هەردوو بەشەكە و كێشەی سەركردایەتی و دەسەڵاتەكانی حكومەتی یەكگرتووی قوبرس.
غازی سروشتی، سنوورە دەریاییەكان و یەكگرتنەوەی قوبرسەكان:
كۆبوونەوەكەی مانگی داهاتووی سەركردەكانی قوبرس تەنها لەسەر كێشە مێژووییەكان ناوەستێ، چونكە پرسێكی گەورەی دیكەش هاتووەتە ئاراوە كە دەبێ هەر دوو سەرۆكەكە لەسەری رێكبكەون، واتە كێشەی كێڵگەكانی غازی سروشتی و نەوتی قوبرس، كە دەكەوێتە سنوورە ئاوییەكانی قوبرسی باشوور لە دەریای نێوەڕاستدا.
دۆزینەوەی ئەم كێڵگەكانە دوو كێشەی گەورە بۆ دانووستاندنەكانی یەكگرتنەوە دروستدەكات، لە لایەكەوە دەبێ پشكی هەر كام لە بەشەكان لە داهاتی ئەم سەرچاوە سروشتییانە دیاری بكرێ، واتە میكانیزمێك بۆ دابەشكردنی دادپەروەرانەی داهاتی ئەو كێڵگانە دابنرێ. لە لایەكی دیكەوە ئەم كێڵگانە كێشەی كۆنی سنوورە ئاوییەكانی لە نێوان قوبرسی یۆنان و قوبرسی توركی و توركیا دروستكردووە. توركیا بانگەشەی ئەوە دەكات كە بەشێك لەو كێڵگانە دەكەونە نێو زۆنی ئابووری دەریایی ئەو وڵاتەوە.
لەم دۆسیەیەدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری لە قوبرس دەكات، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئەم مەسەلەیە هەتا ئێستا لە نێوان توركیا قوبرس یەكلایی نەبووە و توركیاش رێككەوتنی یاسای نێودەوڵەتی دەریاكانی واژۆ نەكردووە، بۆیەش پابەند نییە بە جێبەجێكردنی مەرجەكانی. كێشەی سنوورە ئاوییەكان و خاوەندارێتی كێڵگەكانی غاز و نەوت پێشتریش شكستی بە دانووستاندنەكانی نێوان قوبرسەكان هێناوە، بۆ نموونە لە 2014 قوبرس تیمی گەڕانی بۆ یەكێك لەو كێڵگانە نارد كە توركیا بە بەشێك لە خاكی خۆی دەزانی، بۆیەش هاوكات توركیا كەشتی پشكنینی دەریایی رەوانەی ئاوەكانی قوبرسی باكوور كرد. ئەمە كۆتایی بە دانووستاندنەكانی یەكگرتنەوەی ئەو ساڵە هێنا و هەتا حكومەتی قوبرس تیمەكانی دۆزینەوەی نەگەڕاندەوە و توركیاش كەشتییەكانی خۆی نەكێشایەوە، دانووستاندنەكان دەستیان پێنەكردەوە.
هەڵبەر كێشەی نێوان قوبرسەكان هەر سنوورەكانی قوبرسدا نامێنێتەوە و رەهەندێكی ناوچەییشی هەیە، كە گرنگترینیان لە خاڵانەی خوارەوەدا خۆیان دەبیننەوە:
یەكەم: كورترین و گونجاوترین رێگەی گواستنەوەی غازی سروشتیی ئیسرائیل بۆ توركیا بە قوبرسدا تێدەپەڕێ، كە هیچ پەیوەندییەكی دیپلۆماتیك و ئابووری لەگەڵ قوبرسدا نییە.
دووەم: بۆ گواستنەوەی غازی سروشتی قوبرس بۆ ئەوروپا پێویستە مشتومڕی سنوورە ئاوییەكان لە نێوان قوبرس، یۆنان و توركیا یەكلایی بكرێنەوە. بە بێ یەكلاییكردنەوەی كێشەی سنوورە ئاوییەكان بەشی زۆری غازی ئەو ناوچەیە لەژێر ئاو دەمێنێتەوە.
سێیەم: كێشەی سەروەری خاكی قوبرس یەكێكە لە بەربەستە سەرەكییەكانی وەرگیرانی توركیا لە یەكێتی ئەوروپا. یەكگرتنەوەی قوبرسەكان بەربەستێكی گەورە لەبەردەم ئەندامێتی توركیا لە یەكێتیی ئەوروپا لادەبات.
برا گەورەكان
رەنگە یەكێك لە پاڵنەرەكانی قوبرسی باكوور بۆ یەكگرتنەوە بۆ دەستتێوەردانی لەڕادەبەدەری حكومەتەكەی ئاكپارتی لە كاروباری نێوخۆییان بگەڕێتەوە. كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دانی بە “كۆماری توركی قوبرسی باكوور”دا نەهێناوە و تەنها توركیایە كە بە فەرمی دەناسێ. ئەم واقیعەش وایكردووە قوبرسی باكوور پەراوێز بكەوێتەوە و بۆ ئابووری، كارەبا و تەنانەت ئاوی خواردنەوەش پشت بە ئەنقەرە ببەستێ.
توركەكانی قوبرس لە توركەكانی توركیا سێكولارترن، بۆیەش نیگەرانن لەوەی حكومەتەكەی ئاكپارتی پێدانی خزمەتگوزاری و پێداویستییەكانی ژیان بە قوبرسی باكوور بقۆزێتەوە و لەبەرامبەر ئەمانەدا مزگەوت و مەدرەسەی ئایینیش لەم وڵاتەدا دروستبكات، بەمەش فاكتەری ئایینیش زیادبكاتە سەر ئەو فاكتەرە قەومییەی كە بناغەی ناكۆكییە لە مێژینەكانی هەر دوو قوبرسەكەیە.
Rudaw-
