ئۆپۆزسیۆنی سوریا گەمارۆی سەر حەلەب دەشكێنێ

 ئۆپۆزسیۆنی سوریا گەمارۆی سەر حەلەب دەشكێنێ
ئۆپۆزسیۆنی سووریا سەر لەنوێ ھێرشەکانی بۆ سەر ھێزەکانی رژێمی ئەسەد لە ناوەندی حەلەب چڕکردووەتەوە کە ٣٠٠ ھەزار کەس لەو شارە لەژێر گەمارۆدان. بەمەش چوونەتە نێو گەڕەکی ٣ هەزار خانوو، وەك سەرەتایەك بۆ شكاندنی گەمارۆكە.

ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بە مەبەستی شکاندنی گەمارۆدانی رژێم لە رۆژئاوای شاری حەلەب، لە رۆژی ھەینی رابردووەوە ئۆپەراسیۆنێکی دەست پێکرد کە تاکو ئێستە درێژەی ھەیە.

فەرماندەیەکی ئۆپۆزسیۆن بەنێوی زاھید دەروێش رایگەیاندووە كە یەکەکانی ئۆپۆزسیۆن، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر گەڕەکەکانی حەلەبی نوێ، حەمەدانیە و ٣ هەزار خانوو لە حەلەب دەستی پێکردووە کە لە ژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی رژێمی سووریان.

ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە رۆکێت، تانک و مووشەکی گراد ھێرشیان بۆ سەر ھێزەکانی رژێم ئەنجام دا و بەو ھۆیەوە توانیان ھەندێک لە بیناکانی گەڕەکی ٣ هەزار خانوو کۆنترۆڵ بکەن و ھەروەھا ژمارەیەک لە ئەندامانی میلیشیاکانی شیعی کوژران.

ئۆپۆزسیۆنی سووریا ھەفتەی رابردوو بە مەبەستی شکاندنی گەمارۆکانی رژێم لە رۆژھەڵاتی ناوەندی حەلەب، ئۆپەراسیۆنێکی دەستی پێکرد و بەو ھۆیەوە گەڕەکی داھیەتول ئەسەد و گوندی مینیان کۆنترۆڵ کرد. ھاوکات ھەفتەی رابردوو بەھۆی ھێرشی ئاسمانی چڕەوە، ئۆپۆزسیۆنی سووریا ناچار بووبوو لە گەڕەکی ٣ هەزار خانوو دەربچێت.

لە رۆژھەڵاتی ناوەندی حەلەب نزیکەی ٣٠٠ ھەزار کەس دەژین و تاوەکو ئێستە ھێزەکانی رژێم رێگە بە تێپەڕبوونی ھاوکاری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ شارەکە نادەن.





باسنيوز
Top