رۆژنامەنووسێکی بیانی دەستگیر کرا

رۆژنامەنووسێکی بیانی دەستگیر کرا
رۆژنامەنووسێکی ژاپۆنی بە تۆمەتی پەیوەندی بە داعش لە ھەرێمی کوردستان دەستگیر کرا، حکومەتی ژاپۆنیش لە ھۆکاری دەستگیرکردنەکە دەکۆڵێتەوە.

رۆژنامەنووسە ژاپۆنییەکە ناوی شامیل سیۆنۆکایە، بەپێی زانیارییەکان بەگومانی ھەبوونی پەیوەندی بەداعشەوە دەستگیرکراوە".

سەرچاوەیەک بە رووداوی گووت، رۆژنامەنووسەکە بووەتە موسڵمان و لەگەڵ چەکدارە چیچانییەکانی نێو داعش پەیوەندی بەھێزی ھەبووە و ماوەیەک لە رەققە بووە، ئێستاش لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و رادەستی کونسوڵخانەی ژاپۆن لە ھەولێر دەکرێت.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەوە بە ھەمان سەرچاوەی راگەیاند "کەسێک بەناوی ئەو ئاژانسەی شامیل کاری تێدا دەکرد تەلەفۆنی کردووە و پرسیاری لەسەر ھۆکاری دەستگیرکردنەکەی کردووە"، بەڵام ئەو پێی راگەیاندوون "ھیچ رۆژنامەنووسێک لەلایەن پێشمەرگەوە دەستگیرنەکراوە".

رۆژنامەنووسەکە لەلایەن ئاسایشی ھەرێمی کوردستانەوە دەستگیر کراوە و ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.

گوتەبێژی حکومەتی ژاپۆن یۆشی ھیدە سوگە رایگەیاند، ئەوان ئاگادارن لە دەستگیرکردنی ئەو رۆژنامەنووسە و لە ھۆکاری دەستگیرکرنەکە دەکۆڵنەوە.

رۆژنامەنووسە ژاپۆنییەکە لە ساڵی ١٩٧٢ لەدایکبووە. وەک رۆژنامەنووسێکی فریلانس لە رووماڵکردنی رووداوەکانی سووریا کاریکردووە و لەوێ چەندین وێنەی گرتووە، کە تێدا دەردەکەوێت پەیوەندی نزیکی لەگەڵ سەرکردەکانی داعشدا ھەبووە و، وێنەی ھەیە کە چەکی بەدەستەوەیە و لە پشتیەوە ئاڵای رەشی داعش ھەیە
Payamner-
Top