فەرماندەیەکی دیکەی سوپای پاسداران لە سووریا کوژرا
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕەکانی ئیران لە درێژەی شەڕ و پێکدادانەکانی سووریا و کوژرانی ئەندامانی ڕێکخراوی سوپای پاسدارانی ئێران لەو وڵاتە، یەکێکی دیکە لە فەرماندەکان بە ناوی سەرتیپ زاکر حەیدەری، خەڵکی پارێزگای تەورێز بەدەست هێزەکانی دژبەری بەشار ئەسەد لە نزیک حەلەب لە ڕۆژانی ڕابردوودا کوژراوە.
ئەو لیوایەی سوپای پاسداران جێگری گرووپی تۆپخانەی ٦٠ـی ڕساڵەتی لەشکری ٣١ی عاشواری هێزی زەمینیی سوپای پاسداران و یەکێک لە فەرماندەرانی پلە بەرزی ڕێکخراوی سوپای پاسدارانی ڕێژیم بووە.
سوپای قودس لقی دەرەوەی سنووری سوپای پاسداران کە لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا دروست بووە و بەپێی هەندێک لە سەرچاوە نافەرمییەکان ٢٠ هەزار چەکداری هەیە لە ماوەی 13 ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەت دوای دەستپێکردنی شەڕی سووریا و عێراق لەم دوو وڵاتە عزوورێکی زۆریان هەیە.
لەو پەوەندییەدا، چەند ڕۆژ پێش یەکێک لە سەردارەکانی ئەو ڕێکخراوە بە ناوی سەردار "غوڵامڕەزا سەمایی" بە دەست هێزەکانی دژبەری بەشار ئەسەد کوژرا.
هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردووەتەوە کە ئەو کەسانە وەک "عەمەلیاتی موستەشاری و بەرگری لە حەرەمی عەقیله بنی هاشم" لە سووریا شەڕیان کردووە.
دوو هەفتە لەمەوبەر ڕەفسەنجانی سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی "اعتماد" باسی لەوە کردووە کە؛ شەڕی سووریا تێچوویەکی زۆری بۆ ئێمە هەیە.
لەو ماوەیەدا زۆربەی بەرپرسانی سەربازیی ئێران باسیان لە کار و چالاکی لە دەروەی ئێران کردووە، ئەوەش لە کاتێک دایە کە وڵاتانی ناوچە لەبارەی پشتیوانیی ئێران له گرووپە توندڕەوەکان نیگەرانییان دەربڕیوە.
باسنيوز
