سوپای پاسداران: بۆ لەناوبردنی دوژمنەکانمان هیچ هێڵیکی سوور نابینین

 سوپای پاسداران: بۆ لەناوبردنی دوژمنەکانمان هیچ هێڵیکی سوور نابینین
جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە لە ورمێ ڕایگەیاندووە "ئێمە بۆ ڕاوەدوونانی دوژمنەکانمان هیچ هێڵکی سوور ناناسین و هوشداری بە دوژمنەکانمان دەدەین کە تووشی نەزانی و هەڵەی دووبارە نەبنەوە."

بەپێی ڕاپۆەتی ماڵپەڕی (تەسنیم)ی سەر بە سوپای پاسداران ئەمڕۆ دووشەممە 2016 -10- 31حوسێن سەلامی, کەلە شاری ورمێ و لە کۆڕی ئیتلاعاتییە کوژراوەکانی سوپا قسەی دەکرد زۆر بە توندی هۆشداری دەداتە دژبەرانی کۆماری ئیسلامی و گوتی "ماوەیەک لەمەوبەر کۆمەڵێک بەکرێگیراو بە دنەی وڵاتانی ناوچە و بە پشتیوانیی ئەمەریکا و ئیسرائیل هەوڵیان دا خۆ بنوێنن و لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا دیسان خۆیان تاقی بکەنەوە کە لەگەڵ کاردانەوەی توندی بەرگریکارانی ولایەت بەرەوڕوو بوون و لەناو چوون."

ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران لە درێژەدا گوتیشی "هۆشداری بە دوژمنانی ئێران دەدەین کە تووشی نەزانی و هەڵەی جاران نەبن، چونکە ڕێکاری ئێمە ئەوەیە کە وەدوای هێزە دژبەر و هێرشبەرەکان دەکەوین و لە هەر کوێی دونیا بێت، لەناوی دەبەین و ڕاشیگەیاند: "بۆ کەوتنەشوێنی دوژمنەکان هیچ هێڵ و سونوورێک نابینین و هێزە چەکدارەکانمان ئەمەیان لە ساڵانی رابردوودا سەلماندووە و دوژمنەکانمان بەدەستی ئێمە لە ناوچە جیاجاکانی جیهان زەربەی گەورەیان لەدەستمان خوادووە."

ئەم قسانەی جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە کاتێک دایە کە زیاتر لە یەک ساڵە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران پاش 20 ساڵ راگرتنی خەباتی خەباتی چەکداری، هێزەکانی خۆی لە سنوورەکانی نێوان کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات جێگیر کردووە و ڕاگەیاندووە کە دەست دەکاتەوە بە خەباتی چەکداری لە دژی کۆماری ئیسلامی.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لە شارەکانی شنۆ، پیرانشار، مەهاباد، سەردەشت، بانە، سەقز و مەریوان، لە نێوان پێشمەرگەکانی حدکا و سوپای پاسداران چەندین تێکهەڵچوون ڕوویان داوە و بە دەیان پاسداری کۆماری ئیسلامی کوژراون و لەو تێکهەڵچوونانەدا نزیکەی 15 پێشمەرگەی حدکاش شەهید بوون.

بە گوتەی بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی حدکا "لە دەیەی 90ی زایینی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لەڕێگەی زەوینی و ئاسمانییەوە هێرش کراوەتە سەر کەمپ و بارەگاکانیان هەروەها کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی 90دا زیاتر لە 300 کادر و ئەندامی پارتەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەست و پیەوەندییەکانی ئێرانەوە شەهید کراون."

ئەمە لە کاتێک دایە کە ئیستا شاندێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەلا بەختیار، لە پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن و لە دیدارێکیاندا لەگەڵ موحسین ڕەزایی، بەڕێوەبەری کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران، مەلا بەختیار ڕای گەیاندووە: "یەکێتی لە هەموو بارودۆخێکدا ئاسایش و سەقامگیریی ئێران دەپارێزێت".














باسنيوز
Top