زەمینەسازی دەكرێت بۆ دابڕینی شاری رەققە لەناوچەكانی دیكەی سوریا

زەمینەسازی دەكرێت بۆ دابڕینی شاری رەققە لەناوچەكانی دیكەی سوریا

وەزیری بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند كە لە ئێستادا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش "زەمینەسازی دەكات بۆ دابڕینی شاری رەققە" كە بە پایتەختی رێكخراوی داعش ئەژماردەكرێت لە سوریا.

ئاشتۆن كارتەر، وەزیری بەرگریی ئەمریكا ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەكرد كە لە ئێستادا دەستیانكردووە بە دانانی بناغەو زەمینەسازی بۆ هاوبەشەكانیان تاكو دەستبكەن بە دابڕینی شاری رەققە لە ناوچەكانی دیكەی سوریا.

ئەمڕۆ لەپاریس كۆبوونەوەی بەشێك لە وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بەڕێوەچوو، تیایدا پرسی پاش كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ لە عیراق تاووتوێكرا.

لەدوای كۆبوونەوەكە هەریەك لە ژان ئێف لودریان وەزیری بەرگریی فەڕەنسا و ئاشتۆن كارتەری وەزیری بەرگریی ئەمریكا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان سازكرد، كارتەر لە كۆنگرەكەدا ئاماژەی بەوەكرد كە ئەمڕۆ بڕیاریانداوە بەهەمان شێوە و ئاستی گرنگییەوە هەنگاوەكانی دابڕین و لەناوبردنی داعش لە رەققە پەیڕەو بكەن.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، وەزیری بەرگریی ئەمریكا سەبارەت بە بەسەریەكدا كەوتنی ئۆپەراسیۆنی رەققە لەگەڵ موسڵ، وتی" بەڵێ، بەسەریەكدا كەوتن دەبێت و ئەوە بەشێكە لە پلانەكەمان و ئێمە ئامادەین بۆ ئەوە".

بەسەریەكدا كەوتن، واتە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی رەققە بەر لە كۆنتڕۆڵكردنەوەو دەرهێنانی تەواوەتیی شاری موسڵ لە ژێردەستی رێكخراوی داعش.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پشت دەبەستێت بە هێزە خاوەن تواناكانی ناوخۆی وڵاتەكە، كە سەرەتا دەناسێندرێن‌و دواتر چالاك دەكرێن بۆ ئازادكردنی شارەكە لەدەستی توندڕەوانی رێكخراوە تیرۆرستییەكە.

"ئەوە ئاڕاستەی ستراتیجیی گشتیمانە. ئێمە شكستی تەواوەتیی داعشمان دەوێت و شكستی درێژخایەن بە هێزی دەرەكی بەدەستنایەت... تەنها ئەو هێزانە دەتوانن بەو ئامانجە بگەن كە لەوێ دەژین" كارتەر وای وت.

ناوبراو وردەكاریی زیاتری لەمبارەیەوە ئاشكرانەكرد، بەڵام وتەكانی ئاماژەدەكەن بەوەی رەنگە جوڵەی سەربازی دژ بە داعش لە رەققەی سوریا دوور نەبێت.

وەزیری بەرگریی ئەمەریكاو 12 وەزیری بەرگریی وڵاتانی دیكەی ناو هاوپەیمانێتییەكە بەشداری ئەو كۆبونەوەیەی ئەمڕۆیان كرد.
Xandan-
Top