بان كى مۆن: مانگانه‌ داعش 30 ملیۆن دۆلارى ده‌ست ده‌كه‌وێت

 بان كى مۆن: مانگانه‌ داعش 30 ملیۆن دۆلارى ده‌ست ده‌كه‌وێت
ئه‌میندارى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، به‌پێی زانیارییه‌كان، مانگانه‌ داعش له‌ سه‌رچاوه‌ى جیا جیاوه‌ بڕى 30 ملیۆن دۆلارى ده‌ست ده‌كه‌ویت.

بان كى مۆن، ئه‌میندارى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، ڕای گه‌یاند :" ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی داعش ده‌ستى ده‌كه‌وێت و ده‌گاته‌ نزیكه‌ى 30 ملیۆن دۆلار له‌ مانگاێكدا، له‌ باج و زه‌كاتى به‌ زۆر و پاره‌ى كاره‌با و ئاو و كرێی ئه‌و خانوو و به‌ره‌انه‌یه‌ كه‌ ده‌ستى به‌سه‌ردا گرتوون".

ئه‌و زانیارییانه‌ى بان كى مۆن له‌ ڕاپۆرتێكى ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشدا هات له‌ دانیشتنێكدا كه‌ لاباره‌ى كاره‌ تیرۆریستییه‌كان و ئاشتى و ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تى، به‌سترا.

ئه‌میندارى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، ڕاشی گه‌یاند :" داعش ئه‌ندامى نوێ بۆ ڕێكخراوه‌كه‌ى ڕا ده‌كێشێت و تۆڕه‌كانى پێشووى چالاك ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش مه‌ترسی بۆ ناوچه‌كه‌ درووست ده‌كات".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كه‌ دۆڕانه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى داعش و له‌ ده‌ستدانى ناوچه‌كانى ژێر ده‌ستى، تواناى به‌ده‌ستهێنانى داهاتیانى كه‌م كردووه‌ته‌وه‌.





باسنيوز
Top