ئێران.. دانیشتوانی سێ شار ماڵەکانیان چۆڵ کردووە

 ئێران.. دانیشتوانی سێ شار ماڵەکانیان چۆڵ کردووە
لە ترسی تەقینەوەی گەورەترین ناوەندی پترۆکیمایی ماهشەهر
بەشێک لە دانیشتوانی سارەکانی ماهشەهر، ئابادان و خوڕەمشەهری سەر بە پاڕیزگای خووزستان لە ترسی گیان و تەشەنسەندنی ئەو ئاگرە ماڵ و حالیان بەجێ هێشتووە.

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە 2016 -7 -7، یەکەی px8003 ـی پترۆکیمیایی بووعەلی سینای شاری ماهشەهر ئاگری گرت و تا ئێستاش ئەو ئاگرکەوتن و تەقینەوانە لە پەرەسەندن داین و ئێستاش دووکەڵێکی بەربڵاوی مەترسیدار ئەو ناوچەیەی لە خۆ گرتووە و لە پەرەسەندن دایە.

ماڵپەڕی ڕۆژەی کورد بڵاوی کردەوە "بە سەرنج دان بە تەقینەوەی ٢ بەشی تری پترۆکیمیایی ماهشەهر و ئەگەری تەقینەوەی بنکەکانی تری نزیک لەو شوێنە، چۆڵکردنی تەواویی پترۆکیمایی “تۆندگویان” و “پیترۆکیمایی بەندەری ئیمام” لە ڕیزبەندیی یەکەمی هەنگاوەکانی حکوومەتی ئێران لەو شوێنەن."

ناوەندی پترۆکیمیایی ماهشەهر بە گشتی لە ١٩ بنکە پێکهاتووە کە یەکەمیان ڕازی و دوایینیان بووعەلی یە کە سەرجەم ئەو بنکانە پێکەوە لکاون و لەلایەکی تریشەوە بە بیرە نەوتەکانی خوزستانەوە لکاون، پترۆکیمیایی بووعەلی هەڵگری گازی مەترسیدار و ژارایە و دەگوترێ لە ئەگەری کۆنترۆڵ نەکران و تەقینەوە، یان ئاگرگرتنی گازە مەترسیدارەکانی، مەترسییەکی زۆری بۆ سەر ژیانی بەشێکی بەرچاو لە ئێران دەبێ.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەیوەندییەکی تەلەفوونی لەگەڵ ڕۆژی کورد لەم بارەوە گوتی: "لە ئێستادا نزیک بە هەرهەمووی ئاگرکوژێنەوە گرنگەکانی ئێران بە مەبەستی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە ڕەوانەی ماهشەهر کراون".

بەپێی لێدوانی ئەو سەرچاوە ئاگادارە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت: "تا ئەمشەو سەرجەم ڕێگاکانی شارەکانی بووشێهر و ماهشەهر بە گشتی داخراون و ئیزن نەدراوە کەس لەم شارانە بچتە دەر بەڵام ئەمشەو و بە هۆی تانکەرە نەوتهەڵگرەکانی عێراقی، ڕێگاکان تا ئاستێک کراونەوە و خەڵکێکی زۆر و بەرچاوی شارەکانی ماهشەهر، خوڕەمشار و ئابادان، شارەکانیان بەجێهێشتووە".

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ناوەندی ڕۆژی کورد گەیشتوون، بەرپرسانی حکوومەتی ئێران بۆ پێشگرتن بە بڵاو بوونەوەی هەواڵەکانی پەیوەندیدار بەو ناوچەیە و ئاگرکەوتنەوەی پترۆکیمیایی ماهشەهر، سەرجەم ڕێگا و ئامرازەکانی پەیوەندی وەک ئەنتەرنیت و تەلەفوونیان داخستووە.

سەرچاوە ئاگادارەکەی ڕۆژی کورد لەمەڕ ڕادەی کوژراوانی ئەو تەقینەوەیە گوتی: "لە یەکەم تەقینەوەدا 20 کەس لە ئەندازیاران و بەتایبەت ئەندازیارانی کارەبا، کوژراون و گیانیان لەدەست داوە".

ئەو سەرچاوەیە لەمەڕ پاشکەوتە و لێکەوتەکانی ئەو تەقینەوەیە گوتی: "ئەگەر بێت و ئاگر و تەقینەوەکە بگاتە گازەکانی پترۆکیمیایی و بەشی بەنزین و گازوائیل، بۆی هەیە بەشێکی بەرچاو لە ئێران لەناو ببات و هەروەها بەهۆی ئەوەی کە ئەو پترۆکیمیایە بە بیرە نەوتەکانی خووزستان ـەوە لکاوە بۆی هەیە ڕێژەی خەسارەکان لە داهاتوودا زۆر زیاتر بێت".









باسنيوز
Top