UN: حزبوڵڵای عێراقی ژمارەیەك دانیشووی فەلوجەی سەربڕیوە
كۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤ سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان؛ ئاماژەی بەوە كردووە كە پاش ئەوەی سوپای عێراق چووە ناو شاری فەلوجەوە و داعش لە شارەكە هەڵاتن، كەتیبەكانی حزبوڵڵای عێراقی 900 پیاو و منداڵیان دەستگیر كرد.
زەید بن رەعد ئەلحوسەین؛ ئاماژەی بەوەش كرد كە لیستێك بە ناوی 643 پیاو و منداڵی شوێنبزر هەیە، وێڕای 49 كەسی دیكە كە پێشبینی دەكرێت یەكسەر كوژرابن، یان ئەشكەنجە درابن و لەژێر ئەشكەنجەداندا مردبن، دوای ئەوەی كەتیبەكانی حزبوڵڵا دەستبەسەری كردبوون.
كۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤ سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان گوتیشی "سەرۆك خێڵەكانی فەلووجە بڕوایان وایە كە 200 كەسی دیكە هێشتە شوێن بزرن، یان ناویان نەنووسراوە".
كۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤ سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان؛ لە زاری شایەتحاڵەكانەوە ئاماژەی بەوە كردووە كە لە یەكی حوزەیرانی رابردوودا 1500 پیاو و منداڵ لەو منداڵانەی تەمەنیان 15ی تێپەڕاندووە لەلایەن كەتیبەكانی حزبوڵڵاوە دەستبەسەر كران.
كۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤ سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان؛ دووپاتیشی كردەوە كە ئەوانە كرانە دوو بەشەوە، بەشی یەكەمیان كە 605 كەس بوون دواتر بۆ بنكەیەكی گردبوونەوە گوێزرانەوە كە لەلایەن حكوومەتەوە لە نزیك فەلووجە بەڕێوە دەبرا، لەو رووەوە نەتەوە یەكگرتووەكان چەند راپۆرتێكیان بەدەست گەیشتووە كە خەڵكەكە لەو بنكەیەدا بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵ كراوە وەك بێ بەش كردن لە ئاو و خواردن و لێدان و ئەشكەنجەدان، جگە سەربڕینی ژمارەیەكیشیان.
باسنيوز
