لە یەكەم رۆژی جەژندا لە سووریا 123 كەس كوژراون

لە یەكەم رۆژی جەژندا لە سووریا 123 كەس كوژراون
سەرچاوەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا رایانگەیاند لە شەڕەكانی چیای قەلەموون 14 چەكداری حزبوڵڵا كوژران و ژمارەیەكی دیكە برینداربوون و دەستگیركران.

سەرچاوەكان روونیان كردەوە كە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی ئەو میلیشیایانە لە ناوچەی جروود لە شارۆچكەی رەنكووس لە قەلەمونی رۆژئاوا و بەربەستی سەفایان لە ناوچەكە كۆنترۆڵ كرد كە گەورەترین بەربەستە و دەستیان بەسەر دوو تانك و دوو تۆپخانە و سێ رەشاشی قورس و لاندكرۆزێكدا گرت.

لای خۆیەوە سوپای رژێم رێگەی كاستیلۆی ستراتیژیی بڕی كە تەنیا رێگەیەكە ناوچەكانی ئۆپۆزسیۆن لە باكووری حەلەب بە شاری حەلەب دەبەستێتەوە بەوەش هێزەكانی رژێم لە رێگەكە نزیك بوونەتەوە و تەقە لە هەر هێزێك دەكەن بەكاری بهێنێت.

ئەو پێشڕەویكردنەی هێزەكانی رژێم پاش بۆردومانكردنی ناوچەی مەلاح و كاستیلۆ و شارۆچكەی حەریتان و حەیان دێت لە باكووری حەلەب لەلایەن فڕۆكەكانی رژێمەوە.

لای خۆیەوە روانگەی مافی مرۆڤ لە سووریا رایگەیاند كە وێڕای ئاگربەست كە رژێم رایگەیاندووە كەچی لە یەكەمین رۆژی جەژندا بە هۆی بۆردومانكردنی چەند ناوچەیەك لە حەما و حمس و دیمەشق و ئیدلب؛ 123 كەس كوژران.











باسنيوز
Top