ئۆلاند داوا لە بەریتانیا دەکات کات بە فیڕۆ نەدات

ئۆلاند داوا لە بەریتانیا دەکات کات بە فیڕۆ نەدات
سەرۆکی فەرەنسا داوا لە بەریتانیا دەکات، پەلە بکەن لە دەرچوونیان لە یەکێتی ئەوروپا و کات بە فیڕۆنەدەن و بەخێرایی پرۆسەی چوونەدەرەوەیان لە یەکێتییەکە جێبەجێبکەن.

فرانسوا ئۆلاند، سەرۆککۆماری فەرەنسا رۆژی دووشەممە 27-6-2016 دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەکە لە راوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، پێویستە بەریتانیا خێرابکات لە جێبەجێکردنی پرۆسەی دەرچوونی لە یەکێتی ئەوروپا.

سەرۆکی فەرەنسا هەروەها راشیگەیاند، بەریتانیا نابێت لە پرۆسەی چوونەدەرەوەی خاوەخاو بکات و هەروەها کات بەفیڕۆبدات، چونکە کات بە فیڕۆدان و درەنگ جێبەجێکردنی پرۆسەی دەرچوون، دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە ئەوروپا و هاوکات کاریگەری زۆریشی لەسەر بازاڕەکانی دەبێت.

گوتەکانی ئۆلاند لەکاتێکدایە کە رۆژی 23-6-2016 زۆرینەی بەریتانییەکان لە گشتپرسییەکدا دەنگیان بۆ دەرچوونی وڵاتەکەیان لە یەکێتی ئەوروپادا و ئێستا ئەو وڵاتە بیر لە چۆنییەتی دەستپێکردنی پرۆسەی دەرچوونی وڵاتەکەی لە یەکێتییەکە دەکاتەوە.

Top